دوو کەس لە ناحیەی رزگاریی هەولێر کوژران؛ 'هەر کەسێک لەوێ بووایە دەکوژرا'

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
بکوژەکە برایەکی خۆیشی کوشتووە
بکوژەکە برایەکی خۆیشی کوشتووە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە هەشتەم شەوی رەمەزاندا و لە دوای نوێژی تەراویح، لە ناحیەی رزگاریی سەر بە پارێزگای هەولێر، بەهۆی تەقەکردنەوە 2 کەس کوژران. یەکێک لە کوژراوەکان پێشمەرگەیە و تەنیا بۆ ناوبژیوانی چووەتە شوێنی رووداوەکە، کوژراوی دووەمیش برای بکوژەکەیە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رووداوەکە لەبەردەم مزگەوتێکی ناحیەی رزگاری (مەلا ئۆمەر) روویداوە. یەکێک لە کوژراوەکان ناوی زوهێر مستەفا بوزۆیە، تەمەنی 34 ساڵە و پێشمەرگەیە، باوکی 4 منداڵە و تەنیا بۆ ناوبژیوانیی شەڕی نێوان دوو خێزان چووەتە بەردەم مزگەوتەکە، بەڵام بە 2 گولـلە گیانی لەدەستداوە.
 
عیمران ئیسماعیل، برای هاوژینی زوهێر مستەفا، بە رووداوی راگەیاند: "زوهێر مێردی خوشکمە و هیچ پەیوەندییەکی بە کێشەکەوە نەبووە. ئەو پێشمەرگەیە و لە دوای دەوام لەو مزگەوتە خولی فێربوونی قورئانی هەبوو و پێشنوێژیی بۆ خەڵک دەکرد، بەداخەوە تەنیا چەند رۆژێک بوو لە دەوام گەڕابووەوە."
 
لەبارەی رووداوەکەوە، خاڵی زوهێر گوتی: "تەقە بەسەریەکدا کراون و هەرکەسێک لەوێ بووایە دەکوژرا."
 
سەرچاوەیەک لە بنەماڵەی بکوژەکە وردەکاریی کێشەکەی بۆ رووداو ئاشکرا کرد و گوتی: "کوڕێک ماوەی ساڵێکە کێشەی لەگەڵ ماڵی خەزوورانی هەبووە، شەوی چوارشەممە خۆی و باوکی و برایەکی بچووکی بە ناوی محەممەد، کە خەڵکی گوندی شەمشوولەن، چوونەتە ناحیەی رزگاری بۆ لای کوڕی خەزووری، لەوێ بووە بە دەمەقاڵێیان."
 
بەپێی گوتەی سەرچاوەکە، ئەو کوڕەی کێشەکەی هەبووە دەستڕێژی گولـلەی کردووە، لە ئەنجامدا زوهێر مستەفا کە بۆ ناوبژیوانی چووبوو کوژراوە، هەروەها گولـلە بەر برایەکی بچووکی خۆی کەوتووە و ئەویش گیانی لەدەستداوە. کوژراوی دووەم ناوی محەممەد یوسف مەلا فەرەجە و تەمەنی 21 ساڵە.
 
خزمێکی زوهێر مستەفا لەبارەی سەرەتای شەڕەکە دەڵێت: "سەرەتا شەڕەکە بە دەست و مست بووە، پاشان برایەکی ئەو ژنە (کە کێشەکەی لەسەر بووە) هاتووەتە خوارەوە و کڵاشینکۆفی پێبووە، دەستڕێژی کردووە و لە برای خۆی و زوهێریشی داوە."
 
دوای رووداوەکە، پۆلیسی هەولێر پشتڕاستی کردەوە کە لە ناحیەی رزگاری لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی تەقە کراوە و لە ئەنجامدا دوو کەس کوژراون.
 
بەپێی راگەیێندراوی پۆلیس، 2 تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە بە ناوەکانی (ی. م. ع) و (ع. ی. م) دەستگیرکراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە. ئێستا بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە