لە بۆکان سێ گەنج بەهۆی ژەهراویبوون بە گاز گیانیان لەدەستدا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە گوندێکی سەر بە قەزای بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ گەنج بەهۆی ژەهراویبوون بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن گیانیان لەدەستدا و گەنجێکی دیکەش تەندروستیی خراپە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 26-02-2026، هاونیشتمانییەک لە شاری بۆکان بە رووداوی رایگەیاند: "رووداوەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە گوندی کوستەی سەر بە بۆکان روویداوە." ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە لە بوونی رووداوێکی خنکان بە گاز، دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنەکە.
 
بەپێی گوتەکانی ئەو هاونیشتمانییە، ئەو گەنجانە پێنج کەس بوون؛ یەکێکیان لەنێو ئۆتۆمبێل خەوتووە و رزگاری بووە، سێ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و یەکێکیشیان رەوانەی نەخۆشخانە کراوە کە دۆخی تەندروستیی جێگیر نییە.
 
ئەو کەسانەی لە رووداوەکە گیانیان لە دەستداوە بریتین لە هادی پاپژ تەمەن 35 ساڵ، ناسر پاپژ تەمەن 37 ساڵ، هەژار کیانی تەمەن 32 ساڵ و ئەو کەسەش کە براوەتە نەخۆشخانە ناوی پژمان پاپژە تەمەنی 36 ساڵە.
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، رەسول مەعرووفی، بەڕێوەبەری ئاگر کوژێنەوەی بۆکان رایگەیاند، ئەو گەنجانە بە مەبەستی خۆگەرمکردنەوە گازی پیکنیکیان (بوتڵی گازی بچووک) بەکارهێناوە و بەو هۆیەوە ژەهراوی بوون. ئێستاش لێکۆڵینەوەی پۆلیس لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
 
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، ژمارەی قوربانیانی ژەهراویبوون بە گاز لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاد دەکات.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی پزیشکی دادی ئێران، تەنیا لە مانگی یەکەمی وەرزی پاییزی ئەم ساڵدا، 221 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن ژەهراوی بوون، کە 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە