رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە شاری هەولێر روونکردنەوە لەسەر وەرگرتنی 5 هەزار دیناری زیادە لە نەخۆشێک دەدات و رایدەگەیێنێت، بەهۆی ئەو هەڵە تەکنیکییەوە دوو کارمەندیان سزا داوە. نوێنەری نەخۆشخانەکەش دەڵێت: "تەنانەت وەزیری تەندروستی لەسەر ئەو بابەتە پەیوەندی پێوە کردووین."
د. حەیدەر سابیر، نوێنەری نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە هەولێر، لە کاتی بەشداریی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر وردەکاریی ئەو بابەتەی لە سۆشیاڵ میدیا دەنگدانەوەی هەبوو سەبارەت بە وەرگرتنی پارەی زیادە لە نەخۆشێک.
هەڵەکە چۆن روویداوە؟
د. حەیدەر سابیر ئاماژەی بەوە کرد کە جیاوازییەکە تەنیا 5 هەزار دینار بووە و گوتی: "نەخۆشەکە تیشک (ئەشیعە)ی سینگی گرتووە کە نرخەکەی 25 هەزار دینارە، بەڵام لە تۆمارەکەدا بە هەڵە بە تیشکی گورچیلە (KUB) نووسراوە کە نرخەکەی 30 هەزار دینارە. ئەمە یان هەڵەی سیستەم بووە یان هەڵەی کارمەندی تۆمارکردن."
سزادانی کارمەندەکان و دەستێوەردانی وەزارەت
سەبارەت بە رێکارە کارگێڕییەکان، د. حەیدەر سابیر ئاشکرای کرد، هەردوو کارمەندی بەشی تیشک و بەشی ژمێریاری وەک بەرپرسیار لەو هەڵەیە سزادراون.
راشیگەیاند: "وەزیری تەندروستی پەیوەندیی بە یەکێک لە پزیشکەکانی ئێمەوە کردووە کە لە ئیدارەیە؛ قسەکانی بایەخ و سەنگی خۆی هەیە، بۆیە ناکرێت چاوپۆشی لە هەڵەیەک بکەین کە گەیشتووەتە لای ئەو."
نوێنەری نەخۆشخانەکە روونی کردەوە، سزادان لە کەرتی تایبەت دەستبەجێیە و دەڵێت: "سزاکان یان لەکارلادانە بۆ ماوەیەک، یان سزای مادی، یانیش لە حاڵەتی گەورەدا دەرکردنە لە کار. پێموانییە ئەم هەڵەیە بگاتە ئاستی دەرکردن، بەڵام یەکێک لەو دوو سزایەی دیکە حەتمەن دراوە."
"ئەمە گەندەڵی نییە، تەنیا هەڵەیە"
د. حەیدەر جەختی کردەوە، ئەمە گەندەڵی نییە و گوتی: "هیچ کارمەندێک ئامادە نییە لەسەر 5 هەزار دینار داهاتووی خۆی تێکبدات و ناوبانگی خۆی لەکەدار بکات. کارمەند لە کەرتی تایبەت لە کارەکەی دەترسێت."
نوێنەری نەخۆشخانەکە داوای لەو هاووڵاتییە کرد سەردانیان بکاتەوە بۆ وەرگرتنەوەی پارەکەی و گوتی: "خۆزگە پێش ئەوەی بابەتەکە ببەنە میدیا، پەیوەندییان بە ئیدارەی نەخۆشخانەوە کردبا، چونکە ئێمە هەمیشە ئامادەی چاککردنی هەڵەکانین. سوپاسی میدیاش دەکەین وەک دەسەڵاتی چوارەم کە چاودێرن و ئێمە بە بایەخەوە لە تێبینییەکانیان دەڕوانین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ