پێنج برا لە گوندێکی بناری چیای مەقلووب بەهۆی کێشەی کارگێڕییەوە ناسنامە و زەوییان پێنادرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
پێنج برا لە ناسنامە و زەوی بێبەشکراون
پێنج برا لە ناسنامە و زەوی بێبەشکراون
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خێزانێکی پێنج برا لە بناری چیای مەقلووب، بوونەتە قوربانیی کێشەیەکی کارگێڕی لە نێوان دوو گوند دا. ئەوان کە لە ساڵی 1975ـەوە لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە گوندەکەی خۆیان راگوێزراون، ئێستا کە گەڕاونەتەوە نە رێگەیان دەدرێت خانوو دروست بکەن و نە موختارەکانیش ئامادەن مۆر بۆ مامەڵە شارستانییەکانیان بکەن.

میکایل جەبرائیل، کە پێشمەرگەیە و لە ساڵی 1968 لە گوندی (بەراز بچیک) لەدایکبووە، چیرۆکی ئاوارەیی خێزانەکەی دەگێڕێتەوە. ئەو دەڵێت، ساڵی 1975 رژێمی پێشووی عێراق ئەوانی بۆ ناحیەی کەلەکچی راگوێستووە، بەڵام ئێستا کە گەڕاونەتەوە سەر خاکی باوباپیرانیان، بە بیانووی ئەوەی ناسنامەکەیان لەسەر گوندی "بابایە"، رێگرییان لێ دەکرێت خانوو ئاوا بکەن.
 
میکایل بە خەمبارییەوە دەڵێت: "لە ساڵی 1956ـەوە ئێمە خەڵکی ئەم گوندەین و لێرە لەدایکبووم، کەچی ئێستا زەوییەکانمان نادەنەوە و ستەممان لێ دەکەن."
 
کێشەی ئەم خێزانە تەنیا زەوی و خانوو نییە، بەڵکو پەکی مامەڵە رۆژانە و شارستانییەکانیشیانی خستووە. پێنج برا لە خانوویەکی 200مەتریدا لە کەلەکچی دەژین و بەهۆی ئەوەی موختاری گوندەکانی (بەراز بچیک) و (بابا) ئامادە نین مۆریان بۆ بکەن، ناتوانن کارتی زانیاری و ناسنامەکانیان نوێ بکەنەوە.
 
شیمال ئیسماعیل، برایەکی دیکەی میکایلە و ئەویش پێشمەرگەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە براکەی ساڵێک و چوار مانگە ژنی هێناوە، بەڵام بەهۆی واژۆ نەکردنی موختارەوە، هاوژینەکەی تا ئێستا بێ ناسنامە و کارتی زانیاری ماوەتەوە. ئەو دەپرسێت: "من خەڵکی کوێم؟ ئەی من کورد نیم بۆ وا لەگەڵ ئێمە دەکەن؟"
 
لە بەرامبەردا، مەجید گۆران، موختاری گوندی بەراز بچیک، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دابەشکردنی زەوی تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە گوندەکەن. ئەو دەڵێت: "هەرکەسێک ناسنامەکەی لەسەر گوندی بەراز بێت، زەویمان پێداوە، بەڵام ئەوانەی ناسنامەیان لەسەر گوندی ترە، ناتوانین زەوییان بدەینێ."
 
ناوچەی بناری مەقلووب یەکێک بوو لەو ناوچانەی کە رژێمی بەعس 28 گوندی تێدا تەعریب کردبوو. دوای ساڵی 2003 و گەڕانەوەی خەڵک، دابەشکردنی زەوی لە هەندێک شوێن بەپێی "ناسنامە" و لە هەندێک شوێنی دیکە بەپێی "شوێنی نیشتەجێبوون" بووەتە هۆی دروستبوونی ئەم جۆرە گرفتانە.
 
غەریب محەممەدئەمین، بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان، ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەت ناتوانێت بە ئاسانی دەستوەردان لەم کێشە کۆمەڵایەتییانەدا بکات. ئەو دەڵێت: "ئەگەر ئێستا حکومەت دەستوەردان بکات، کێشەی گەورەتر دروست دەبێت. گوندەکان لە نێوان خۆیاندا زەوییان دابەش کردووە و ئێمە تەنیا گرێبەستی چاندنمان بۆ کردوون."
 
ئەم خێزانە تا ساڵی 2016ش، پێنج تەخار زەوییان لە گوندی بەراز بچیک دەچاند، بەڵام ئێستا ئەو مافەشیان لێ زەوت کراوە. ئەوان ئێستا لە نێوان ململانێی دوو گوند و بڕیارە کارگێڕییەکاندا، بە بێ ناسنامە و بێ خاک لە چاوەڕوانیی چارەسەرێکدا ماونەتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە