رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی گردەگۆزینەی شاری کەلار، مێردمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵ لەبەردەم ماڵی خۆیاندا لەلایەن گەلە سەگێکەوە پەلامار درا، بەڵام بە هاوکاریی دراوسێیەکیان لە چنگی سەگەکان رزگاری بوو.
جوانڕۆ نەوشیروان، کە خوێندکارە، باس لەو ساتە ترسناکە دەکات و بە رووداوی راگەیاند: "لە ماڵ دەرچووم چونکە بێتاقەت بووم و ویستم بچمە دەرەوە، بەڵام گەلە سەگێک پەلاماری دام کە ژمارەیان لە 20 سەگ زیاتر دەبوو. هیچم لەدەست نەدەهات و کەوتمە ژێریان، لە ناو خۆیاندا بووە شەڕ و دواتر کەسێک هات رزگاری کردم و تەلەفونی بۆ باوکم کرد."
مەترسیی سەگە بێلانەکان لە سنوورەکە تەنیا جوانڕۆی نەگرتووەتەوە؛ ئاری سەعید، کە گەنجێکی دەرچووی زانکۆیە، چیرۆکێکی هاوشێوەی هەیە. ئەو دەڵێت کاتێک ویستوویەتی لە قادرمەکان بچێتە سەرەوە، سەگێک گازی لە قاچی گرتووە و ئێستا ناچارە شەش دەرزی دژە هاری وەربگرێت بۆ ئەوەی لە مەترسیی نەخۆشی رزگاری بێت.
سەرباری زیادبوونی ئەم رووداوانە، تائێستا هیچ شەڵتەرێک بۆ کۆکردنەوەی سەگەکان لە ناوچەکەدا نییە. حوسێن شێرزاد، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ لە ئیدارەی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند: "بۆ دروستکردنی شەڵتەرێک پێویستمان بە 150 ملیۆن دینارە. هەموو رێکارە یاساییەکانمان تەواو کردووە و چەند جارێک شوێنمان بۆ دیاریکردوە، بەڵام بەهۆی یەک دوو هۆکاری تەکنیکی و نەبوونی پارەوە تائێستا نەمانتوانیوە جێبەجێی بکەین."
بەپێی ئامارەکانی شارەوانی، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان نزیکەی 20 هەزار سەگی بێلانە هەن. ئەم ژمارە زۆرە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاونیشتمانییان، بەجۆرێک ساڵانە نزیکەی 100 کەس لە سنوورەکە دەبنە قوربانیی پەلاماری سەگەکان و بریندار دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ