تەرمی رەفیق سابیر گەڕێندرایەوە کوردستان و لە زێدی خۆی بە خاک سپێردرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئەبوبەکر ئیسماعیل
تەرمی رەفیق سابیر بەخاک سپێردرا
تەرمی رەفیق سابیر بەخاک سپێردرا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی ئەم خەڵکە لێرە بۆ ماڵئاواییکردن و بەڕێکردنی تەرمی هۆزانڤانێکی نێوداری کوردە؛ ئەدیبێک کە بە "باوکی لاوکی هەڵەبجە" دەناسرێت و دوای ساڵانێکی زۆر لە غەریبی، گەڕایەوە باوەشی نیشتمان.
 
نەسرین مستەفا، کە یەکێکە لە کەس و کارە نزیکەکانی رەفیق سابیر، باس لە پەیوەندیی نێوانیان و رۆڵی ئەو شاعیرە دەکات لە ناساندنی مەینەتییەکانی کورد و بە رووداوی راگەیاند: "وەک برام وابوو، لە زانکۆ لە بەغدا بەیەکەوە بووین. کاتێک پەرلەمانتاریش بوو لە هەولێر لە ماڵی ئێمە بوو، ئەو بوو هەڵەبجەی بە دنیا ناساند."
 
دکتۆر رەفیق سابیر لە ساڵی 1950 لە شاری قەڵادزێ لەدایک بووە. ئەو شارەی کە هەموو گەنجی و جوانیی خۆی تێدا بەسەر برد، دواجار شارەکە باوەشی بۆ تەرمەکەی کردەوە تاوەکو بۆ هەمیشە تێیدا بپسێتەوە.
 
موەفەق میرئاودەلی، هاوڕێی رەفیق سابیر ئاماژە بە پێگەی ئەدەبیی ئەو دەکات و دەڵێت: "کورد لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە یەکێک لە نووسەرە نێودارەکانی لەدەستدا. ئەو تەنانەت لە دەرەوەش جێدەستی دیار بوو و چەند ساڵێک خەڵاتی باشترین نووسەری سویدی وەرگرت."
 
ئەم ئەدیبە نێودارە خاوەنی 25 بەرهەمی چاپکراوە، کە 12 بەرهەمیان تەنیا لە بواری لاوک و هۆنراوەدان. وەک وەفایەک بۆ مێژووە پڕ لە داهێنانەکەی، ئێستا دوو لاپەڕە لە ژیاننامەکەی لە نێو زانیارینامەی پارێزگای هەڵەبجەدا تۆمار کراوە.
 
ئارام بامۆکی، شاعیر و نووسەر، پێیوایە دەبێت یادی ئەم شاعیرە بە بەرزی رابگیرێت و دەڵێت: "لێرە وەک زادگایەک ئێمە هەمیشە ئەو شیعرەی ئەومان لەبیر ناچێت. دەبێت بتوانین پەیکەرێکی ئەو کەڵە شاعیرە و ئەو رۆشنبیرە جوانەی کورد لێرە دروست بکەین تاوەکو هەمیشە لە یادمان بێت."
 
رەفیق سابیر تەنیا بە وشە شیعری نەدەنووسی، بەڵکو وەک وێنەکێشێکی واقیعی، وێنەی ئازارەکانی کوردی دەکێشا. هۆمایۆن ساحیب، نووسەر و لێکۆڵەر دەڵێت: "وێنەکێشێکی واقیعیی ئێمەی گرتووە. لەو کاتەی لە شینا بووین و فرۆکەکان ئێمەیان دادەبێژا، بیرکردنەوەی رەفیق سابیر دەڵێت فرۆکەکان لەناکاودێن و بیرکردنەوەم دادەبێژن."
 
رەفیق سابیر، دوای تەمەنێک لە خزمەتکردن بە ئەدەب و فەرهەنگی کوردی، لە 28ی شوباتی 2026 لە وڵاتی سوێد و لە تەمەنی 76 ساڵی دا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی گەڕێندرایەوە بۆ زێدی خۆی لە قەڵادزێ.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە