رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکانی کرماشان و ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایانگەیاند، دوای هەڵگرتنی سنووردارکردنی گەشتە ئاسمانییەکان لە ئاسمانی ئێران، لە رۆژی دووشەممە 27ـی نیسانەوە گەشتەکان لە تارانەوە بۆ ئەو دوو شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێدەکەنەوە.
یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، موجتەبا بەیاتی، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کرماشان رایگەیاند: "لەگەڵ کرانەوەی دووبارەی ئاسمانی ناوچەکانی ناوەندی و رۆژئاوای وڵات، ئاسمانی پارێزگاکە بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا دەکرێتەوە و دۆخەکە ئاسایی دەبێت."
موجتەبا بەیاتی گوتی: "یەکەمین گەشتی ئاسمانی لە نێوان تاران - کرماشان و بەپێچەوانەوە، رۆژی دووشەممە 27ـی نیسان لە رێگەی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی (قیشم ئێر) ئەنجام دەدرێت." بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی کرماشان دەشڵێت: "سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان تەواو کراون."
عەزیم تەهماسبی، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەکانی پارێزگای ورمێ،
دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی ورمێی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان تاران - ورمێ - تاران لە سبەی دووشەممە 27ـی نیسانەوە دەستپێدەکەنەوە.
سەبارەت بە کاتی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی ورمێ، تەهماسبی گوتی: "گەشتەکان لە لایەن کۆمپانیای ئێران ئەیرتۆرەوە ئەنجام دەدرێن؛ بە شێوەیەک کە کاژێر 07:30ـی بەیانی فڕۆکەکە لە تارانەوە بەرەو ورمێ بەڕێدەکەوێت و کاژێر 09:30ـی هەمان رۆژ، گەشتی گەڕانەوە لە ورمێوە بۆ تاران ئەنجام دەدرێت."
لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە کە شەڕی 40 رۆژەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیپێکرد، بەهۆی جەنگەوە گەشتە ئاسمانییەکانی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان راگیرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ