رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری شرنەخی باکووری کوردستان دەڵێت، رۆژانە 80 تانکەر نەوتی دەرهێنراو لە پارێزگاکەوە بۆ پاڵاوتن رەوانەی ئێلیهـ دەکرێت.
ئەمڕۆ هەینی، 26ـی ئایاری 2023، عوسمان بیلگین، پارێزگاری شرنەخی باکووری کوردستان لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە پارێزگاکەی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی رێکخست و ماشەڵڵا دەکاک، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداویش ئامادەی بوو.
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، عوسمان بیلگین رایگەیاند، "لە هەشت ناوچەی جیاوازی شرنەخ، چالاکیی دۆزینەوەی نەوتی خاو بەڕێوەدەچێت. لە دوو شوێنیشدا کار بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە بیرە نەوتییە دۆزراوەکاندا دەکرێت. دەتوانم بڵێم، لە هەموو بەرزاییەکانی شرنەخ چالاکیی دۆزینەوەی نەوتی خاو بەڕێوەدەچێت. وای بۆ دەچین بڕی نەوت لە بەرزاییەکانی بەسلەر دەرەلەر و چیای کاتۆ زۆر لە نەوتە دۆزراوەکەی گابار زیاتر بێت".
پارێزگاری شرنەخ لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن کە نەوتی بەسلەر دەرەلەر و چیای کاتۆ لانیکەم پێنج هێندەی یەدەگی نەوتی گابار و زیاتریش بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە گابار نەوت بەرهەم دەهێندرێت، بۆیە هەمیشە باس لە گابار دەکرێت. ئێمە کاری خۆمان دەکەین. کاتێک سەردانی شوێنەکە دەکەن، دەبینن کە رۆژانە 80 تانکەر نەوت هەناردەی باتمان (ئێلیهـ ) دەکرێت و بەچاوی خۆشتان لە رێگەکان ئەوە دەبینن".
پارێزگاری شرنەخ گوتی، ئەو نەوتەی دەردەهێندرێت سوودەکەی بۆ هەموو هاونیشتمانییان لە باکووری کوردستان و هاووڵاتییانی تورکیایە، بەڵام شرنەخ زیاتر لە هەمووان سوودمەند دەبێت و رایگەیاند، "چیدیکە لە شرنەخ باس لە بێکاری و کێشەی ئابووری ناکرێت؛ لەمەودوا لەشرنەخ باس لە خۆشگوزەرانی و دەرفەتی کار و بەرهەمهێنان دەکات. ئەو نەوتانەی لە شرنەخ دۆزراوەتەوە لانیکەم دوو هێندەی ئەو نەوتەیە لە باتمان دۆزراوەتەوە. هەروەها یەدەگی نەوتەکەشی لانیکەم پێنج هێندەیە".
عوسمان بیلگین لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی پەیامنێری رووداودا رایگەیاند، "هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی نەوتی زیاتر بەردەوامن. کاتێک گوێم لە بڕی یەدەگ بوو، زۆر دڵخۆش بووم؛ بۆیە ئێوەم بانگکرد بۆ ئەوەی دڵخۆشییەکانمان بگوازنەوە. یەدەگ 10 هێندە نییە، ئەوەی لە بیرە نەوتەکاندا دەرهێندراوە و بەرهەم دەهێندرێ 10 هێندەیە. بە کورتی لە هەر بیرە نەوتێکدا 10 هێندەی چاوەڕوانییەکان بەرهەم دەهێندرێت".
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی 2022، فاتیح دۆنمەز، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا دۆزینەوەی نەوتی لە پارێزگای شرنەخ لە باکووری کوردستان راگەیاند و گوتی، "لە چیای گابار لە سنووری پارێزگای شرنەخ بڕێکی بەرچاو یەدەگی نەوت دۆزراوەتەوە. رۆژانە نزیکەی 5000 بەرمیل نەوت دەردەهێندرێت".
چەند مانگێکە هەڵمەتێکی گەورەی گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت لە شرناخ، سێرت، جۆڵەمێرگ، دیلۆک، ئادانا و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن؛ هەروەها لە پارێزگاکانی سێرت و رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوت هەن. ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی زۆر کەم لە پێداویستییەکانی ناوخۆی تورکیا دابین دەکات.
لە ساڵی 2015دا یەدەگی نەوتی خاوی بەرهەمهێندراو لە تورکیا بە 334.5 ملیۆن بەرمیل هەژمار کراوە. بەپێی توانای بەرهەمهێنانی ئێستا، تەمەنی یەدەگەکان 19 ساڵە.
تورکیا لە ساڵی 2015دا 51 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا بەرهەمهێناوە، لە بەرامبەردا 796 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا بەکارهێناوە. لە ساڵی 2015دا بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە ناوخۆدا بە رێژەی 6.4%ی پێویستیی ناوخۆی دابینکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ