رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی میوانخانەکان و گەشتوگوزار دەڵێن، چاوەڕێن سەرەتای مانگی داهاتوو ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بێنە شارە جیاجیاکانەوە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جیاواز لە رابردوو کە زیاتر تەنیا جەژنەکانی رەمەزان و قوربان گەشتیار دەهاتن، ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەر چوار وەرزەکە گەشتیارمان هەیە و دۆخەکە زۆر باشە."
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار گوتیشی، "ئێستا گەشتیارێکی زۆر لە هەرێمی کوردستانن و چاوەڕوانین بۆ جەژنی قوربانیش گەشتیاری زیاتر بێنە هەرێمی کوردستان."
میوانخانەکانی هەولێر: بازاڕ باشە و هیچ شوێنێک لە بێ بازاڕیدا دانەخراوە
شوکر عەزیز، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانەکان- لقی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگشتی هاتنی گەشتیاران باشە و میوانخانە و هۆتێلەکان کاری خۆیان دەکەن، هیچ شوێنێکمان نییە بەهۆی بێکاری یان کەمیی گەشتیارەوە داخرابێت."
بەگوێرەی ئاماری چێشتخانە و میوانخانەکان، لە سنووری پارێزگای هەولێر 445 هۆتێل و مۆتێل، 47 گوندی گەشتیاری و سەتان کەپری گەشتیاری هەن.
جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانەکان لقی هەولێر گوتی، ئێستا بەهۆی تاقیکردنەوەکانەوە گەشتیاری زۆر نەهاتوونەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام چاوەڕوان دەکەن لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە و بەتایبەت لە پشووی جەژندا گەشتیاری زۆر بێنە هەرێمی کوردستان.
میوانخانەکانی سلێمانی: نیوەی هۆتێلەکان گەشتیاریان تێدایە
هەر ئەمڕۆ مەحموود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا وەرزی گەشتیارییە و بە گرووپ گەشتیاران دێن؛ چاوەڕوانیشمان ئەوەیە لە مانگی داهاتوودا هاتنی گەشتیار زیاتر بێت، بەتایبەت بۆ پشووی جەژن."
لە سلێمانی 380 هۆتێلی گەشتیاری، 50 هۆتێلی میلـلی، 8 هۆتێلی پێنج ئەستێرە و سەتان کابینە و کەپری گەشتیاری هەن.
سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان گوتی، "رۆژانە زیاتر لە 10 بنکەی گەشتیاری بەسەردەکەمەوە، هۆتێلەکان دەڵێن: ئەگەر 50 ژووریان هەبێت، لانیکەم 20 ژووریان گەشتیاری تێدایە، ئەمەش باشتربوونی دۆخی گەشتیارییە، چونکە مانگەکانی سەرەتای ئەم ساڵ هۆتێلێکی 50 ژووری 5 گەشتیاریشی تێدا نەبوو."
گەشتوگوزاری دهۆک: جەژن گەشتیاری زیاتر دێن
لەبارەی دۆخی گەشتیاری لە دهۆک، شەماڵ هرووری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری دهۆک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دۆخی گەشتیاری باشە، بەڵام مانگی رابردوو زۆر باشتربوو، چونکە ئێستا لە عێراق تاقیکردنەوەی قوتابیان هەیە."
لە سنووری دهۆک 210 هۆتێل، مۆتێل و گوندی گەشتیاری هەن.
شەماڵ هرووری گوتی، "چاوەڕێین سەرەتای مانگی داهاتوو کە پشووی جەژنیشی تێدەکەوێت، گەشتیارێکی زۆر بێنە سنوورەکەمان، بۆ ئەوەش هەموو ئاسانکاری و ئامادەکارییەکی پێویست دەکرێت."
گەشتوگوزاری هەڵەبجە: شوێنی مانەوەی گەشتیاران زیادیان کردووە
لە هەڵەبجە گەشتیاری چووەتە پێشەوە و ژمارەی شوێنەکانی مانەوە زیاتر کراون. هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "ئێستا لە هەڵەبجە و تەوێڵە هۆتێل کراونەتەوە و مانەوەی گەشتیارانیش لە ئاستێکی باشدایە."
هەورامان جەلال گوتی، "جگە لە هۆتێل، چەندین خانووی گەشتیاری، کابینە و مۆتێلێش لە سنوورەکەمان کراونەتەوە و ئامادەن بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، كە چاوەڕوان دەکەین لە رۆژانی جەژندا بە رێژەیەکی بەرچاو رووبکەنە ناوچە گەشتیارییەکانمان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ