رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی کۆچیی 1447، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان کرد و تێیدا هیوای خواستووە ساڵی نوێ ببێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە و مرۆڤایەتی.
لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26-06-2025 بڵاوکراوەتەوە، سەرۆک بارزانی رایگەیاندووە: "بەبۆنەی هاتنەوەی یەكی موحەڕەم سەری ساڵی كۆچی گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی تەواوی موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم."
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت: "لە خودای گەورە داواكارم هاتنی ساڵی تازەی كۆچی ببێتە هۆی ئاسوودەیی و خۆشی بۆ هەموو لایەك و ئاشتی و، سەقامگیری باڵ بەسەر ناوچەكەمان و كۆی مرۆڤایەتیدا بكێشێت."
ئەمڕۆ لەگەڵ ئاوابوونی خۆر، موسڵمانان لە سەرانسەری جیهان پێشوازی لە ساڵی نوێی کۆچی 1447 دەکەن و مانگی موحەڕڕەم، یەکەم مانگی ساڵنامەی کۆچی دەستپێدەکات.
ساڵنامەی کۆچی، کە بە ساڵنامەی ئیسلامی (هیجری)ش ناسراوە، یادکردنەوەی رووداوی کۆچی پێغەمبەری ئیسلام، محەممەد (د.خ) و موسڵمانانە لە شاری مەککەوە بۆ مەدینە، کە بووە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی ئیسلامدا.
ئەم ساڵنامەیە لە سەردەمی خەلیفە عومەری کوڕی خەتابدا وەک ساڵنامەیەکی فەرمی بۆ دەوڵەتی ئیسلامی دانرا و رووداوی کۆچکردنەکە وەک سەرەتای ساڵی یەکەمی کۆچی دیاریکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ