رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی لووتکەی یەکێتیی ئەورووپا لە دوای کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ بەڕێوەچوو، کۆبوونەوەیەک کە پرسەکان گەرم و زۆریشن، پرسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پەسندکردنی هەژدەیەمین پاکێجی سزا بەسەر رووسیا، رێکەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا و پرسی سیاسەتی کۆچبەرانیش کە چەندین ساڵە بەرۆکی یەکێتیی ئەورووپا بەرنادات.
ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەورووپای بێخەم نەکردووە چون هێشتاش دڵگرانی ئەوەن ئێران بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم.
ئیڤیکا سالینا، سەرۆکوەزیرانی لاتیڤیا دەڵێت: "پێموایە دەبێت ئێران و ئیسرائیل کۆتایی بەم ناکۆکیانە بهێنن و دانوستاندنەکان کراوە بن، و ئاگربەست بۆ ئێستا چارەسەرێکی باشە، بەڵام بۆ ئێمە و هەروەها وڵاتانی باڵتیک گرنگە کە هیچ پەرەسەندنێکی زیاتری دۆخەکە روونەدات و ئێران نابێت یۆرانیۆم بپیتێنێت. هەر بۆیە، ئێمە لەگەڵ چارەسەری ئاگربەستداین بۆ ئێستا، بەڵام دەبێت گفتوگۆکان کراوە بن و ئاشتی بۆ ناوچەکە بگەڕێندرێتەوە".
یەکێتیی ئەورووپا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران سەرکەوتوو بوون، بۆیە ئێستاش دەیانەوێت لە دانوستاندن لەگەڵ ئێران دووبارە رۆڵیان هەبێت.
وڵاتانی ئەندام داوا لە هەردوولا دەکەن پابەندی ئاگربەست بن، چون ئەمە دەرفەتێکە بۆ دەسپێکردنی دانوستاندن.
کرستیان شتۆکە، راوێژکاری نەمسا گوتی، "باوەڕم وایە کە ئەم ئاگربەستە دەرفەت بۆ دانوستاندن دروست دەکات و لە کۆتاییدا پێویستی بە چارەسەری دانوستاندنە و من دەتوانم ڤیەنا لێرەدا وەک شوێنی گفتوگۆ بەخۆشییەوە پێشکەش بکەم. ئێمە نەریتێکی گەورەمان هەیە بۆ ئەم جۆرە گفتوگۆ و کۆبوونەوانە و بۆ ڤیەناش جوان دەبێ، ئەگەر بتوانین وەک میوانخواز لێرەدا رۆڵمان هەبێت".
وڵاتانی ئەندام سەرقاڵی چەندین قەیرانی وەک شەڕی ئۆکراینا - رووسیا و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن کە وەک خۆیان دەڵێن راستەوخۆ کاریگەری لە سەر ئاسایشی ئەورووپا هەیە.
هەر لەبارەی جەنگ و نزیکی مەودای کاریگەرییەکانی لە ئەورووپا، لوک فریدن، سەرۆکوەزیرانی لوکسەمبۆرگ ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم ناوچەیە لە یەکێتیی ئەورووپا نزیکە، دوور نییە. لە قوبرسەوە نزیکە. و دەبێت هەوڵبدەین لەسەر مێزی گفتوگۆ بەشدار بین و هەموو لایەک کۆبکەینەوە. ئەورووپا رۆڵێکی سەرەکی هەیە، بەتایبەتی وڵاتانی ئەندام لەو ناوچەیە. دوێنێ گفتوگۆیەکی دوورودرێژم لەگەڵ سەرۆکی قوبرس کرد. من پێم وایە هەرێمەکە بە گشتی پێویستی بە پاڵپشتی و هاندانی ئێمە هەیە بۆ ئەوەی ئاشتی تێدا دەستەبەر بکرێت".
پرسی کۆچبەری و نوێکردنەوەی سیاسەتی رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەورووپا مژارێکی دیکەی لووتکەی یەکێتیی ئەو کیشوەرەیە.
لەو بارەیەوە، کریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان رایگەیاند، "ئێمە جارێکی دیکە لە ئەنجوومەنی ئەورووپا باس لە پرسی کۆچبەران دەکەینەوە. دەزانیت، جەختی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لەسەر دڵنیابوونەوەیە لە جێبەجێکردنی سیاسەتێکی نوێ سەبارەت بە ئەوانەی دەگەڕێندرێنەوە کە پەیوەستە بە رێککەوتنامەی ئێستای کۆچبەرانەوە و بێگومان دەرفەتم دەبێت هاوکارەکانم لەو کێشانە ئاگادار بکەمەوە کە لەگەڵ لیبیا هەمانە، و پەیامێکی روون بنێرین تاوەکو دەسەڵاتدارانی لیبیا هانبدەین، هەم لە رۆژهەڵات و هەم لە رۆژئاوای لیبیا، کە پێویستە هاوکاریی وڵاتانی ئەورووپا و کۆمیسیۆنی ئەورووپا بکەن، تاوەکو رێگە لە دەرچوونی ئەو بەلەم و قاچاخچیانە لە کەناراوەکانی لیبیا بگیرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ