رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەیەکی سنووریی سەردەشتی پارێزگای ورمێ تەقە لە بنکەیەکی سوپای پاسداران کراوە. لقی ورمێی سوپاکە دەڵێت، لە هێرشەکەدا ئەندامێکیان کوژراوە و ئەندامێکی دیکەش بریندار بووە.
شەوی رابردوو لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تەقە لە بنکەیەکی سەربازیی سوپای پاسداران لە گوندی ئاغەڵانی سەر بە شاری سەردەشتی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی لقی ورمێی سوپای پاسداران، هێرشەکە لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە کراوە و ئەندامێکیان بەناوی مەیسەم کەبیری کوژراوە و ئەندامێکی دیکەیشیان بریندار بووە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە لایەنی هێرشکار نەکراوە و تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکیش بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی نەگرتووەتەوە ئەستۆ.
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت و هێزەکانیان هەوڵی دەستگیرکردنی هێرشکارەکان دەدەن.
ئاغەڵان دەکەوێتە سنووری سەردەشت و لەدیوی هەرێمی کوردستانیش نزیکە لە قەڵادزێ. بەگوێرەی سەرژمێریی ساڵی 2017، دانیشتووانەکەی نزیکەی 300 کەسن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ