زانکۆی کوێلن ناونیشانی پرۆفیسۆری بەخشییە ئەکادیمیێکی کورد

26-07-2025
هێمن عەبدوڵڵا
پڕۆفیسۆر بەرهەم محەممەد.
پڕۆفیسۆر بەرهەم محەممەد.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەفتەی رابردوو لە شاری کوێلنی ئەڵمانیا تیمی دیاسپۆرا سەردانی کەسایەتییەکی خەڵکی سلێمانی کرد کە یەکێکە لە شانازییە زانستییەکانی کوردستان و ئەڵمانیا، ئەویش پرۆفیسۆر بەرهەم محەممەد بوو، ئەو لە یەکێک لە بەنێوبانگترین و کاریگەرترین زانکۆکانی ئەورووپا و جیهان ناونیشانی پرۆفیسۆری وەرگرت. لەژێر دەستی ئەودا دەیان خوێندکار لە زانکۆی کوێلن بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرایان بەدەستهێناوە و لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا کاردەکەن، یاخود لە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئەڵمانیا وانە دەڵێنەوە.
 
پڕۆفیسۆر بەرهەم محەممەد؛ چیرۆکی کۆڵنەدان لە سابوونکەرانەوە بۆ لووتکەی زانست لە ئەڵمانیا
 
لەنێو هۆڵە پڕ شکۆکانی زانکۆی کوێلن، یەکێک لە گەورەترین و کۆنترین ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئەڵمانیا، پیاوێکی کورد بە زمانێکی ئەڵمانیی پاراو وانەی ئەنەتۆمی بۆ سەتان خوێندکاری پزیشکی دەڵێتەوە، ئەو پڕۆفیسۆر دکتۆر بەرهەم محەممەدە، کە کاروانێکی دوورودرێژ و پڕ لە هەوراز و نشێوی لە گەڕەکی سابوونکەرانی سلێمانییەوە دەستپێکردووە و ئەمڕۆ لە لووتکەی زانستی یەکێک لە کاریگەرترین وڵاتانی ئەورووپادا وەستاوە، چیرۆکی ئەو، چیرۆکی باوەڕبوون بەخۆ و تێپەڕاندنی هەموو ئەو بەربەستانەیە کە لەبەردەم کۆچبەرێکدا دروست دەبن.
 
سەرەتای کاروانەکە؛ زیرەکییەک کە لە موسڵ و بەغدا درەوشایەوە
 
بەرهەم شەوکەت محەممەد لە ساڵی 1965 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، هەر لە سەرەتای ژیانی ئەکادیمییەوە، وەک خوێندکارێکی زیرەک و بەهرەمەند دەرکەوت، لە ساڵی 1987 بە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی کۆلێژی پزیشکیی ڤێتێرنەری لە زانکۆی موسڵ دەرچوو، کە ئەمە یەکەم نیشانەی ئەو رێگا پرشنگدارە بوو کە چاوەڕێی دەکرد.
 
بۆ بەدیهێنانی خەونە گەورەکانی، رووی لە پایتەختی عێراق کرد و لە ساڵی 1992، بڕوانامەی ماستەری لە زانستی مشەخۆرزانی (Parasitology) لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێنا، دیسانەوە بە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی کۆلێژەکەی، دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان، لەنێوان ساڵانی 1988 بۆ 1996، وەک موعید و دواتر مامۆستا لە زانکۆکانی سەڵاحەدین و سلێمانی خزمەتی کرد، بەڵام بارودۆخی ئەو سەردەمەی کوردستان وایکرد خەونەکانی لە چوارچێوەی سنوورەکاندا قەتیس نەمێننەوە.
 
وەرچەرخانە چارەنووسسازەکە؛ کۆچ و تاقیکردنەوە سەختەکەی ئەڵمانیا
 
لە ساڵی 1996، پڕۆفیسۆر بەرهەم لەگەڵ هاوژینی و کوڕە سێ مانگانەکەیدا، بڕیارێکی قورس دەدات و بەرەو ئەڵمانیا کۆچ دەکات، سەرەتای ژیانی لەوێ، وەک چیرۆکی هەزاران کۆچبەری دیکە، پڕ بوو لە ئاستەنگ، ئەو رۆژانە بە تاڵییەوە بیردێنێتەوە و دەڵێت، "کە گەیشتینە ئەڵمانیا، پێیانگوتم دەبێت کار بکەیت، کاتێک پرسیم چ کارێک، لە وەڵامدا گوتیان ئیشی باخەوانی و پاککردنەوە، ئەو قسەیە وەک ئەوە وابوو خەنجەرێک لە دڵم بدەن، چاوم پڕ بوو لە فرمێسک، بەڵام لەناخی خۆمدا بڕیارێکم دا: من بۆ ئەمە نەهاتووم."
 
ئەو ساتەوەختە سەختە، بووە خاڵی وەرچەرخان و گەورەترین هاندەر بۆی، لەبری ئەوەی رادەست بێت، بڕیاریدا بە توانای زانستیی خۆی بیسەلمێنێت کە شایستەی شوێنێکی گەورەترە، دەستیکرد بە لێدانی دەرگای زانکۆ گەورەکانی وەک بۆن، نورنبێرگ و هانۆڤەر.
 
دۆزینەوەی دەرفەت؛ چاوپێکەوتنەکەی زانکۆی هانۆڤەر
 
دوای هەوڵێکی زۆر، لە زانکۆی هانۆڤەر دەرفەتی چاوپێکەوتنێکی پێدرا. دیمەنەکە وەک فیلمێکی سینەمایی وابوو؛ 8 پڕۆفیسۆری ئەڵمانی لە ژوورەکەدا دانیشتبوون و ئەو وەک تاکە بیانی لەنێویاندا بوو. "ئەڵمانییەکەم ئەو کاتە زۆر لاواز بوو، تەنیا دوو ساڵ بوو لێرە بووم". پڕۆفیسۆر بەرهەم وا دەڵێت، "بەڵام چاوپێکەوتنەکە بە زمانی ئینگلیزی بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆرێکیان کە مرۆڤێکی زۆر بەڕێز و کورددۆست بوو، دوای گفتوگۆیەکی زانستیی قووڵ، سەرسامیی خۆی بە تواناکانم نەشاردەوە و یەکسەر گوتی: تۆمان دەوێت."
ئەمە ئەو وەرچەرخانە بوو کە رێگای بۆ کردەوە، زانکۆی هانۆڤەر پشتیوانیی کرد و هاوکات لەگەڵ کارکردندا، دەستی بە خوێندنی دکتۆرا کرد.
 
گەیشتن بە لووتکەی ئەکادیمی؛ بڕوانامە دوای بڕوانامە
 
پڕۆفیسۆر بەرهەم تەنیا بە بڕوانامەی دکتۆرا نەوەستا، بەڵکو بەشێوەیەکی سیستماتیک هەموو پلە ئەکادیمییەکانی ئەڵمانیای بڕی، کە بەدەستهێنانیان بۆ خودی ئەڵمانییەکانیش کارێکی ئاسان نییە.
 
 ئەو ئێستا خاوەنی ئەم بڕوانامە و نازناوە زانستییانەیە:
 
• دکتۆرا (Dr. rer. nat.): لە زانستە سرووشتییەکان.
• هابیلیتەیشن (Habilitation): بەرزترین بڕوانامەی ئەکادیمیی ئەڵمانیا کە مەرجی سەرەکییە بۆ بوون بە پڕۆفیسۆر.
• ڤینیا لیگێندی (Venia Legendi): مافی فەرمیی وانەگوتنەوەی سەربەخۆ لە زانکۆدا.
• پسپۆڕیی پێنج ساڵە: لە پزیشکیی ڤێتێرنەریدا، دوای تەواوکردنی دکتۆراکەی.
• ئەپرۆبەیشن (Approbation): مۆڵەتی فەرمیی پزیشکی کە رێگەی پێدەدات لە سەرجەم وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کلینیک بکاتەوە.
 
ئەو بە پێکەنینەوە دەڵێت: "ئیتر بەڕاستی هیچ نازناو و بڕوانامەیەکی ئەکادیمی لە ئەڵمانیا نەماوە بەدەستی نەهێنم، بەڵام ئێمە هەرگیز لە توێژینەوەی زانستی ناوەستین و ئێستاش کاری لەسەر دوو توێژینەوەی نوێ دەکەم."
 
کاریگەری لەسەر نەوەی نوێ؛ "لە هەر نەخۆشخانەیەک خوێندکاری خۆمم هەیە"
 
لە ساڵی 1999ـەوە، پڕۆفیسۆر بەرهەم لە زانکۆی کۆڵن، کە نزیکەی 73 هەزار خوێندکاری هەیە، وانە دەڵێتەوە، ئەو شانازی بەو کاریگەرییەوە دەکات کە لەسەر نەوەی نوێی پزیشکانی ئەڵمانیا و ئەورووپای داناوە. "زۆرێک لە خوێندکارەکانم ئێستا خۆیان بوونەتە پڕۆفیسۆر و پزیشکی پایەبەرز، بە شانازییەوە دەڵێم، کاتێک دەچمە هەر نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا خوێندکاری خۆمم لێیە کە بەڕێزەوە پێشوازیم لێدەکات."
 
ئەو نهێنیی سەرکەوتنی خۆی و رێزی ئەڵمانییەکان بۆ کارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ دڵسۆزی و کارامەیی. "لێرە کەس پرسیار ناکات تۆ رەشی یان سپی، خەڵکی کوێیت؟، تەنیا سەیری ئەوە دەکەن کە چ خزمەتێک پێشکەش دەکەیت و توانای زانستیت چەندە."
 
دڵ لە کوردستان، جەستە لە دیاسپۆرا
 
سەرەڕای ئەو هەموو سەرکەوتنە گەورەیە لە ئەڵمانیا، دڵی پڕۆفیسۆر بەرهەم هێشتا لە کوردستان و بۆ کوردستان لێدەدات، "رۆح و دڵم هەمیشە لە کوردستانە، چەندین جار گەڕاومەتەوە و هەوڵمداوە خزمەت بکەم، بەڵام بەداخەوە ژینگەی توێژینەوەی زانستیی پێشکەوتوو لەوێ هێشتا وەک پێویست نییە."
 
ئەو دان بەوەدا دەنێت کە ژیانی کۆمەڵایەتی لە کوردستان جیاوازە. "ژیان بەڕاستی تەنیا لە کوردستان خۆشە؛ لای هاوڕێ و کەسوکار، لێرە بەهۆی سەرقاڵیی زۆرەوە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان زۆر کەمن."
 
چیرۆکی پڕۆفیسۆر بەرهەم محەممەد، تەنیا چیرۆکی سەرکەوتنی تاکێک نییە؛ بەڵکو چیرۆکی ئیرادەی گەلێکە کە لە ناخی هەر تاکێکیدا حەزی فێربوون و گەیشتن بە لووتکە شەپۆل دەدات، ئەو نموونەیەکی زیندووە کە دەیسەلمێنێت تاکی کورد کاتێک دەرفەتی بۆ بڕەخسێت، دەتوانێت لەسەر ئاستی جیهان ببێتە ئەستێرەیەکی درەوشاوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە