رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی یەکگرتنی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری، شەپۆلێکی بەهێزی بەفر و باران و سەرما هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم شەپۆلە لە سێ قۆناخی سەرەکیدا کاریگەرییەکانی دەبێت:
قۆناخی یەکەم (ئەمشەو تاوەکو نیوەڕۆی دووشەممە):
شەپۆلەکە لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور و رۆژهەڵات بە بەفری چڕ دەستپێدەکات. لە هەندێک ناوچەدا خێرایی با دەگاتە سەرووی 35 کم و پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.
قۆناخی دووەم (ئێوارەی دووشەممە تاوەکو شەوی سێشەممە):
ئەمە کاریگەرترین قۆناخی شەپۆلەکەیە؛ بەفر و باران سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. بەفر دەگاتە سەنتەری شارەکانی دهۆک و سلێمانی، هەروەها بەفر و باران لە سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری دەبارێت. لەم قۆناخەدا پلەکانی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکان دەچنە ژێر سفری سیلیزی و شەختەی توند روودەدات.
قۆناخی سێیەم (ئێوارەی چوارشەممە تاوەکو شەوی شەممە):
شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران لە سنووری پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی دیکە، کاریگەریی ئەم قۆناخە تاوەکو ئێوارەی شەممە 3-1-2026 بەردەوام دەبێت.
پێشبینیی بڕی باران و نزمترین پلەی گەرمی لە سەنتەری پارێزگاکان، لە ماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلە:
هەڵەبجە:
بڕی باران +45 ملم
نزمترین پلەی گەرما 4- پلەی سیلیزی
سلێمانی:
بڕی باران: +40 ملم
نزمترین پلەی گەرما: 4- پلەی سیلیزی
هەولێر:
بڕی باران: +35 ملم
نزمترین پلەی گەرما: 1- پلەی سیلیزی
کەرکووک:
بڕی باران: +28 ملم
نزمترین پلەی گەرما: 2 پلەی سیلیزی
دهۆک:
بڕی باران: +25 ملم
نزمترین پلەی گەرما: 3- پلەی سیلیزی
ئاماری بەفربارین و سەرما لە ناوچە شاخاوییەکان و ئیدارە سەربەخۆکان:
کانی ماسێ: 55 سم بەفر، 8 ملم باران، نزمترین پلەی گەرمی -12
ئامێدی: 50 سم بەفر، 10 ملم باران، نزمترین پلەی گەرمی -11
کۆڕەک: 50 سم بەفر، 5 ملم باران، نزمترین پلەی گەرمی -12
حاجی ئۆمەران: 40 سم بەفر، 5 ملم باران، نزمترین پلەی گەرمی -12
پێنجوێن: 40 سم بەفر، 15 ملم باران، نزمترین پلەی گەرمی -12
ئیدارە سەربەخۆکان و گەرمیان:
ئیدارەی راپەڕین: 45 ملم باران، 20 سم بەفر، پلەی گەرمی -5
ئیدارەی سۆران: 30 ملم باران، 15 سم بەفر، پلەی گەرمی -5
ئیدارەی گەرمیان: 40 ملم باران، بەفر نابارێت، پلەی گەرمی 2
ئیدارەی زاخۆ: 20 ملم باران، 10 سم بەفر، پلەی گەرمی -3
هۆشداریی کەشناسی
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە رۆژی سێشەممە و چوارشەممە ساردترین رۆژەکانی ئەم شەپۆلە دەبن. زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان (جگە لە گەرمیان) پلەکانی گەرمایان دەچێتە ژێر سفری سیلیزی، هەر بۆیە هۆشداری دەدرێت لە دروستبوونی شەختە و بەستن لە رێگەوبانەکاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ