قایمقامی پشدەر: بەهۆی بەفرەوە دەروازەی کێلێ داخرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای پشدەر رایگەیاند، بەهۆی بەفربارینەوە دەروازەی کێلێ داخراوە و پێشبینی دەکات سبەینێش هاتووچۆ ئاسایی نەبێتەوە.
 
لە دوێنێ شەوەوە شەپۆلێکی بەفر و باران باشووری کوردستانی گرتووەتەوە و لە هەندێک ناوچە 25 سانتیمەتر بەفر باریوە. 
رۆژی شەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 05:30 بۆ 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە دەروازەی کێلێ داخراوە؛ هیچ جۆرە هاتووچۆیەک، نە بازرگانی و نە گەشتیاری ناکرێت."
 
بە گوتەی بەکر بایز، بەهۆی شەپۆلی بەفربارینەکەوە پێشبینی دەکەن سبەی یەکشەممەش دەروازەکە نەکرێتەوە.
 
قایمقامی قەزای پشدەر گوتی: "20 بۆ 25 سانتیمەتر بەفر باریوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە؛ لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هەمان شێوە بەفرێکی زۆر باریوە."
 
بەیانیی ئەمڕۆ، بەهۆی بەفربارینەوە، رێگەی زینی وەرتێ لە سنووری ناحیەی وەرتێ لە پارێزگای هەولێر داخرا کە ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و راپەڕین پێکەوە دەبەستێتەوە.
 
ئەمڕۆ لە حاجی ئۆمەران 20 بۆ 25 سانتیمەتر، لە زینی وەرتێ نزیکەی 20 سانتیمەتر، لە مێرگەسۆر 8 سانتیمەتر، لە چیای سەفین 25 سانتیمەتر، لە هەڵشۆ 5 سانتیمەتر، لە بەرواری باڵا 15 سانتیمەتر، لە سیدەکان 10 سانتیمەتر و لە کانی ماسێ 8 سانتیمەتر بەفر باریوە.
 
کێلێ، مەرزێکی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانە؛ دەکەوێتە سنووری قەزای پشدەر لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین. لە نێوان سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان و قەڵادزێی باشووری کوردستانە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دووکانێکی نێو کەمپی باجد کەندال لە زاخۆ

دووکاندارێکی کەمپی باجدکەندال لە زاخۆ: لە ئاگرەکەدا زیاتر لە 400 ملیۆن دینار زیانم کردووە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کەمپی باجدکەندال لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئاگر لە بازاڕی کەمپەکە کەوتەوە و بەهۆیەوە 33 دووکان سووتان. بەشێک لە ئاوارەکان کە 11 ساڵە هەوڵی پەیداکردنی بژێویی ژیانیان دەدەن، هەموو شتێکیان لەدەستچوو.