هەواڵگریی عێراق: بە هاوکاریی دژەتیرۆری سلێمانی داعشێکمان دەستگیرکرد

26-08-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن داعش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەواڵگریی عێراق دەڵێت دوو ئەندامی رێکخراوی داعشیان لە پارێزگای کەرکووک دەستگیرکرد، کە دەستگیرکردنی یەکێکان بە هاوکاریی هێزەکانی دژەتیرۆری سلێمانی بووە.
 
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک ئەمڕۆ (شەممە، 26-8-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزەکانی هەواڵگریی سەربازی بە هاوکاری پۆلیسی کەرکووک، دوو ئەندامی رێکخراوی داعشیان لە کەرکووک دەستگیرکرد. بەڵام وردەکاریی زیاتری نەخستەڕوو. 
 
هەر لەوبارەوە بەڕێوبەرایەتی گشتیی هەواڵگری و ئاسایشی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاڵپشت بە زانیاریی هەواڵگریی دروست، هێزەکانی هەواڵگری و ئاسایشی کەرکووک دوو داعشیان دەستگیرکردووە.
 
بەڕێوبەرایەتی گشتیی هەواڵگری روونیکردەوە، لە دوو چەکدارەکەی داعش؛ یەکێکیان لە وڵاتێکی دراوسێ بە ناسنامەی ساختە هاتووەتەوە و "دەیویست بێتە پارێزگای کەرکووک، دوای ئەوەی بە قاچاخ هاتبووە دیالە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لەو پارێزگایە.'' بۆیە هێزەکانیان لە بۆسەیەکدا دەستگیریان کردووە و پلانەکەیان پووچەڵکردووەتەوە.
 
هەروەها دەڵێت، کەسی دووەم کە سەر بەناو پێگەیشتووانی خەلافەتە و لە ساڵی 2014 بەیعەتی بە داعش داوە و براکانی سەرکردەی داعش بوون، لە ناحیەی لەیلانی سەر بە پارێزگای کەرکووک دەستگیرکراوە. ئەوەش دوای ئەوەی هێزێکی کۆماندۆی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، پۆلیسی کەرکووک و دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی دەستگیریان کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە