گوتەبێژی یەکێتی بۆ رووداو: لەگەڵ پارتی واژۆمان لەسەر کارنامەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کردووە

26-09-2022
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، حیزبەکەی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداربوون لە نووسینەوەی کارنامەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و واژۆیان لەسەر کردووە. 
 
رۆژی دووشەممە 26-09-2022، د. سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداربوون لە نووسینەوەی کارنامەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و واژۆیان لەسەر کردووە. گوتیشی، "تاوەکو ئێستا لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار لەگەڵ پارتی نەگەیشتووین بە رێککەوتن." 

 

هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیکی، رۆژی دووشەممە 26-09-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانییەکانی سەروەریی و عەزم و بابلیوون شەوی رابردوو رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت." 
 
سەبارەت بە خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان لایەنە بەشدارەکان لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت؛ بەڕێوەبەری نووسینگەی مالیکی ئاشکرایکرد: "رێککەوتنەکە خاڵی زۆری تێدایە سەبارەت بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هەموو لایەنەکان بە شیعە و کورد و سوننەوە." 
 
لەبارەی ئەگەری گۆڕینی بەربژێری پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، گوتەبێژی یەکێتی گوتی: "یەکێتی سوورە لەسەر بەربژێری خۆی بۆ ئەو پۆستە، چونکە پۆستەکە بەرکەوتەی کوردە و لە کوردیش بەرکەوتەی یەکێتییە، لەوبارەشەوە قسەمان لەگەڵ هێز و لایەنە عێراقییەکان کردووە و لە ئاستی باڵاش لەگەڵ پارتی گفتوگۆمان کردووە." 
 
د. سۆران جەمال تاهیر ئاماژەی بەوەش کرد: لە دوو مانگی رابردوودا، چەند کۆبوونەوەیەک لە ئاستی باڵا لەنێوان پارتی و یەکێتیدا کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووینەتە رێککەوتن و بەهیواین پێی بگەین. "لە دوو مانگی رابردوودا دۆخی بەغدا تێکچوو، گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت گۆڕدرا بۆ ئەوەی هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان چڕبکرێتەوە و ناکۆکی نەمێنێت، ئێستاش زەمینەسازی هەیە بۆ دانیشتنی پەرلەمان، ئێمە و پارتیش جەختمان لەسەر کۆبوونەوەی پەرلەمان بوو، چونکە سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتیش لە رێگەی پەرلەمانەوە یەکلایی دەبێتەوە." 
 
گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت: لە دوای هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەمی 2021، یەکێتی پێی باشبووە لەگەڵ پارتی و لایەنە کوردییەکان بە یەک شاند و بەرنامەی هاوبەشی هەبێت لە بەغدا، بەڵام بەداخەوە دۆخەکە بە ئاقارێکی دیکەدا برا، ئێستاش دەخوازین یەک وەرەقەی سیاسی هاوبەشمان هەبێت.
 
پۆستی پارێزگاری کەرکووک، یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و لایەنە عێراقییەکانیش، لەکاتێکدا بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن ئەو پۆستە پشکی کوردە، بەڵام لە ساڵی 2017ەوە لەلایەن راکان جبووری، کە عەرەبێکی سوننە مەزهەبە ئەو پۆستە بەڕێوەدەبرێت. د. سۆران جەمال تاهیر لەوبارەوە گوتی:" دوای کارەساتەکانی کەرکووک لە ساڵی 2017، بەرنامەمان ئەوەیە کە جگە لە پۆلیس، هێزە چەکدارەکانی دیکە لە ناوەندی کەرکووک دەربچن و پاراستنی شار بدرێتە دەست پۆلیسی نێوخۆیی، ئێستاش جەخت دەکەیەنەوە بە زووترین کات پۆستی پارێزگار یەکلایی بکرێتەوە کە پشکی کوردە و لەنێو کوردیش پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و لە رێککەوتنی مانگی ئاداری 2019 لەگەڵ پارتی ئەوە یەکلایی بووەتەوە."  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دکتۆر رەشاد میرانی و ئیدریس نێچیرڤان بارزانی.

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی سەردانی زانای دیاری کورد رەشاد میران دەکات

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەردانی دکتۆر رەشاد میرانی کرد بەمەبەستی لە نزیکەوە پیرۆزبایی لێکردنی بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتی (پووشکین) وەک یەکەمین کورد کە لە رووسیا ئەم خەڵاتەی بردووەتەوە.