ئامادەکردن: هێمن بابان رەحیم و نازەنین گۆران
بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە ئاینی ئیسلام" لە شانۆگەرییەکدا، کە لە 26ـی شوباتی ساڵی 2020 نمایشکراوە، ئەمڕۆ دادگەی کەتنی کەلار بڕیاری راگرتنی بۆ دوو شانۆکار بەناوەکانی عومەر عەبدوڵڵا و شکۆ عومەر دەکرد و ئێستا لە گرتووخانەی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان دەستبەسەرن.
سکاڵاکە لەلایەن لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانەوە تۆمارکراوە، یەکێک لە شانۆکارەکانی هاوڕێی ئەو دوو هونەرمەندە رایگەیاند: "شانۆگەرییەکە هیچ سووکایەتییەکی بۆ ئاینی ئیسلام تێدا نەبووە و داوا دەکەین ئەو دوو هاوڕێیەمان ئازادبکرێن."
ئەمرۆ سێشەممە، 26-9-2023، دادگەی کەتنی قەزای کەلار لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی، بڕیاری راگرتنی دەرهێنەر و ئامادەکارێکی شانۆگەرییەکی دا کە پێش زیاتر لە سێ ساڵ لەمەوبەر نمایشکراوە.
ئەو دوو هونەرمەندە لەسەر سکاڵایەک، کە لەلایەن لقی گەرمیانی یەکێتی زانانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستانەوە تۆمارکراوە و بە پاساوی "سووکایەتیکردن بە ئاینی ئیسلام" لە بەشێک لە دەقەکانی ئەو شانۆییەدا هەبووە.
دلاوەر نووری، کە شانۆکارە و هاوڕێی ئەو دوو شانۆکارەیە، بەتۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند: "ئەو دوو شانۆکارە شانۆیەکیان نمایشکرد کە بیرۆکەی سەرەکی لە شیعرێکی قوبادی جەلیزادەوە بەناونیشانی 'وەرن ببینە سەگ'ـەوە وەرگیراوە، لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان پێیانوایە سووکایەتی تێدایە بۆ ئاینی ئیسلام بەڵام راستییەکەی وانییە."
رۆژانی 22 و 23ـی شوباتی ساڵی 2020 لە قەزای کەلار، ناوەندی ئیدارەی گەرمیان "وەرزی شانۆ لە گەرمیان" بەڕێوەچوو و ژمارەیەک کارێکی شانۆیی تێدا نمایشکران، لەنێویاندا شانۆیی "وەرن ببینە سەگ" بوو، کە بەرهەمی گرووپی هونەریی ئەستێرەکان بوو، شانۆیەکە لە نووسینی قوبادی جەلیزادە، ئامادەکردنی شانۆکار شکۆ عومەر و دەرهێنانی عومەر عەبدولڵا بوو، هونەرمەندان شاناز عەلی عەزیز و محەممەد عەلی ئەکتەری شانۆییەکە بوون.
پاش نمایشکردنی شانۆییەکە، کاردانەوەی زۆر لە سۆشیاڵ میدیا لەبارەی شانۆییەکەوە دروستبوو، بە پاساوی سووکایەتیکردن لە بەشێک لە دەقەکانی شانۆییەکە بە ئاینی ئیسلام، لقی گەرمیانی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی کوردستان داوای لە داواکاری گشتی کرد لە دژی ستافی شانۆییەکە سکاڵا بجوڵێنێت، رۆژی 26ـی شوباتی 2020 یەکێتیی زانایان سکاڵایان لەسەر ستافی شانۆیەکە تۆمارکرد.
عەلی جەمال قدوری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، ئەو دوو شانۆکارە بەپێی مادەی 372 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون، بەڵام نازانین هۆکاری راگرتنیان و دۆسیەکە وردەکارییەکەی چییە، چونکە لەلایەن دادگاوە بەدواداچوون بۆ ئەوە دەکرێت، ئەوان تەنیا دەتوانین ئەوە پشتڕاستبکەینەوە کە ئەو دوو شانۆکارە لای ئەوان راگیراون."
لە مادەی 372ی یاسای سزادانی عێراقیدا هاتووە: "هەر کەسێک شکۆی گۆڕ یان گۆڕستان، یان کێلی مردوویەک پێشێل بکات، یان پیسی بکات، یان شتێک لەوانە بە ئەنقەست بڕوخێنێت یان لە ناو ببات یان بیشوێنێت، سزا دەدرێت بە حەپسکردن بۆ ماوەیەک زیاتر نەبێت لە دوو ساڵ و بە پێبژاردن لە دوو سەت دینار زیاتر نەبێت، یان یەکێک بە یەکێک لەو دوو سزایە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ