رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی رووسیا لە عێراق لە پیرمام کۆبوونەوە، گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرسێک کرد، لەنێویاندا درێژەدان بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
رۆژی یەکشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2025 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ئیلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق کرد.
بەپێی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا کە ماکسیم رۆبین، کۆنسووڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر ئامادەی بوو، باس لە بارودۆخی سیاسی و گۆڕانکاری و پێشهات و ئاڵنگارییەکان لە عێراق و ناوچەکە کراوە؛ هەروەها باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەردوولا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا و "درێژەدان و بەردەوامیی پێشخستنی ئەم رێککەوتنە بە گرنگ زانرا."
لە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارەدا، گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەرئەنجام و هەنگاوەکانی دوای ئەم پرۆسەیە و لێکنزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرا.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی وێڕای دەربڕینی پاڵپشتیی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئازاد و دیموکراسیدا، جەختی لەوە کردووەتەوە، "پێویستە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکرێنە پێوەر بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵیی بەهێز لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی عێراق و بە بەشداریی هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان."
پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ