رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هونەرمەند خەلیل وەندی بەهۆی نەخۆشییەوە، کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی لە هەولێر بە خاک دەسپێردرێت.
رۆژی چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هونەرمەند خەلیل وەندی کۆمەڵێک نەخۆشیی هەبوو؛ وەکو لەبیرچوونەوە، شەکرە و پەستانی خوێن، ئێوارەی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا."
گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان گوتیشی: "هونەرمەند خەلیل وەندی ساڵێک بوو لەسەر جێگە کەوتبوو، جگە لە کاری هونەری چەند ساڵێک مامۆستای زانکۆ بووە لە سۆران و لە ساڵی 2017 خانەنشین بوو."
هونەرمەند خەلیل وەندی خەڵکی خانەقینە. بە گوتەی نامیق هەورامی، وەندی لە پارێزگای هەولێر نیشتەجێ بوو و هەر لە هەولێریش بە خاکدەسپێردرێت.
خەلیل وەندی ناوی تەواوی خەلیل موراد وەندییە؛ لە ساڵی 1947 لە گوندی سەیید بزروی سەر بە شاری خانەقین لەدایکبووە. لە ساڵی 1973 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
هونەرمەند خەلیل وەندی لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکانەوە لەسەر دەستی هونەرمەند عەلی مەردان دەستی بە کاری هونەری کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ