هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر

26-11-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
دیمەنی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی هێرشەکەوە
دیمەنی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی هێرشەکەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی ‌گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و ئاگرێکی گەورە لە کێڵگەکە بەرز دەبێتەوە. گومان دەکرێت هێرشەکە بە درۆن کرابێت.  
 
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رووداوی راگەیاند، ئێڵپیجی پلانت بۆردوومان کراوە و زیانی گیانی نەبووە.
 
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو دەڵێت، هێرشەکە نزیک کاژێر 11:30 خولەک کراوە. کارمەندانی کێڵەگەکە دەڵێن، تاوەکە ئێستا هیچ هێرشێکی لەم جۆرە نەکراوەتە سەر کێڵگەکە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو ئەو کارمەندانەی لە نزیک کێڵگەکە دەمێننەوە ناوچەکەیان بەجێهێشتووە لە ترسی دووبارەبوونەوەی هێرشەکە. 
 
زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کێڵگەکە لێدەدات و ئاگر لە کێڵگەکە بەرزدەبێتەوە.
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر درۆن بە ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕابووە، بەڵام هێرش نەکرابووە سەر کێڵگەکە.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەڵێت، "ئەو هێرشەی کراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر بەرژەوەندیی عێراقییەکان و کردەوەیەکی تیرۆریستیی مەترسیدارە بۆ پەکخستن و دواخستنی ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی ئەمنی و ئابووری."

 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشەکە بووەتە هۆی سووتانی یەکێک لە کۆگە سەرەکییەکانی کێڵگەی کۆرمۆر بەبێ ئەوەی زیانی گیانی هەبێت.
 
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە نزیک کێڵگەکە رایگەیاند، ئامانج لە هێرشەکە تەقاندنەوەی ئەو کۆگایە بووە. بەهۆی هێرشەکەش بۆنێکی زۆر لە ناوچەکە بڵاوبووەتەوە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە