هەولێر دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەپێناو بەرژەوەندی و خزمەتی زیاتری ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەج دەرچووە، بڕیاردرا ماوەی راییکردنی مامەڵە و تێچووی حەج هەفتەیەک درێژبکرێتەوە.
وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاند: "هەفتەیەک ماوەی راییکردنی مامەڵەی حەج درێژکرایەوە و ئەمەش لەپێناو هاوکاری و خزمەتگەیاندنی زیاتر بەو کەسانەیە کە لە راییکردنی مامەڵەکانیان دواکەوتوون".
کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی گوت: "ئەم درێژکردنەوەیە هاوکاریی ئەو کەسانەیە کە ناویان بۆ فەریزەی حەج دەرچووە تاوەکو لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا مامەڵەکانیان رایی بکەن، مافی چوونیشیان بۆ سعودیە بۆ حەج نەفەوتێ."
بە گوتەی کاروان ستوونی، بڕیار بوو سبەی دوا وادە بێت، بەڵام دوای بڕیاری پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ماوەکە درێژکرایەوە بۆ 4ی 12ی 2025.
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتیشی: "بۆ ئەم مەبەستە نووسینگەکانی حەج و عومرە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، لە کاژێر 8:30ی بەیانی تاوەکو کاژێر 4:00ی ئێوارە مامەڵەی حاجیان رایی دەکەن."
ئەو کەسانەی ناویان دەرچووە بۆ حەجی ساڵی داهاتوو، دەتوانن لە نووسینگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی حهج و عومره له هەولێر، سلێمانی، دهۆک، ههڵهبجە، سۆران، گهرمیان، زاخۆ و راپهڕین مامەڵەکانیان تەواو بکەن.
لە 16-11-2025، لە رێوڕەسمێکدا بەشێوەی ئەلیکترۆنی تیروپشک بۆ ئەو کەسانە کرا کە ناویان تۆمار کردبوو بچنە حەجی ساڵی داهاتوو، کە پشکی هەرێمی کوردستان بۆ چوونە حەج 5 هەزار و 135 کەسە.
ناونووسین بۆ چوونە حەجی 2026 لە 11ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و کاژێر 12:00ـی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2025 کۆتایی هات؛ 89 هەزار و 893 کەس ناویان بۆ چوونە حەج تۆمار کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ