قایمقامی قەزای سۆران: ساڵی نوێ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی خەلیفان دەکرێتەوە

26-12-2021
رێبوار عەلی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ناحیەی خەلیفان گەورەترین ناحیەی قەزای سۆرانە، زۆرترین کێشەی خزمەتگوزاریی هەیە و ماوەیەکە بەڕێوەبەری نییە، قایمقامی سۆرانیش دەڵێت، هیچ گرفتێکی کارگیڕی لەوێ دروست نەبووە.
 
مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی سۆران ئەمڕۆ یەکشەممە 26-12-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کێشەکانی خەلیفان ئەوەندە زۆر نین، ئێستا بەڕێوەبەری پۆلیسی خەلیفان بە وەکالەت بووەتە بەڕێوەبەری ناحیەکە و دەڵێت، "دوای پشووەکانی سەری ساڵ، پۆستە بەتاڵەکان پڕ دەکرێنەوە".
 
قایمقامی سۆران گوتیشی، "ماوەی سێ مانگە وەکو قایمقامی سۆران بە وەکالەت دەستبەکار بووم، پێشتر دوو ساڵ بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان بووم، لە ماوەی دوو ساڵ کارکردنم لەو ناحیەیە، هەوڵی ئەنجامدانی چەندین پرۆژەمان داوە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ماوەیەکی کەمە دامەزراوە، دوای پشووەکانی سەری ساڵ راستەوخۆ کار لەسەر پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی خەلیفان دەکرێت".
 
لەبارەی نەبوونی دادوەر لە ناحیەی خەلیفان، قایمقامی سۆران رایگەیاند، کێشەی نەبوونی دادوەر تەنیا لە خەلیفان نییە، چەند مانگێک پێش ئێستا دادوەری قەزای چۆمان کۆچی دوایی کرد و بەهۆی دانەمەزراندنی دادوەری نوێ، دادوەری قەزای خەلیفان گواستراوەتەوە بۆ چۆمان و رواندز کە کاری هەردوو قەزاکە دەکات، کاروباری هەریر و خەلیفانیش لەلایەن دادوەرێکی دیکەوە بەڕێوەدەبرێت.
 
60 دادوەر بڕیاری دامەزراندیان بۆ دەرچووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە چەند مانگی رابردوودا سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری خانەنشین بوو، سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجوومەنی دادوەری سوێندی یاسایی خواردووە؛ بەهۆی ئەوەوە بابەتی دەستبەکاربوونی دادوەرەکان دواکەوت، بەڵام دوای تەواوبوونی مامەڵەکانیان دابەش دەبن بەسەر ئەو شوێنانەی دادوەری لێ نییە، کە قەزای خەلیفان یەکێک لەو شوێنانەیە.
 
ساڵی رابردوو دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاریی خێرخوازێک دەستی بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتن لە خەلیفان کرد، کە لە سەرەتای مانگی چواری 2021 پرۆژەکە تەواو بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا پێداویستی و ئامێری پزیشکی بۆ دابین نەکراوە.
 
لەوبارەوە مەغدید عەریف، قایمقامی سۆران باسی لەوە کرد، "نەخۆشخانەکە رادەستی ئیدارەی ناحیەکە کراوە و کاری پێویستیش ئەنجامدراوە، بەهۆی کۆتایی ساڵ و داخرانی ژمارە بانکییەکان دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکە دەکەوێتە ساڵی نوێ و لە مانگی یەک دابین دەکرێت".
 
لەبارەی تێکچوونی دیواری قوتابخانەی گوندی 'شارسینە' کە بووەتە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی قوتابیان و شەش ساڵە تووشی داڕمان و شەقبوون هاتووە، قایمقامی سۆران بەڵێنی دا خۆی بەدواداچوون بۆ چاککردنی دیواری ئەو قوتابخانەیە بکات و لەدوای دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی، دەرخستەی بۆ ئامادە دەکەن و لەڕێگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بودجەی پێویست بۆ چارەسەری گرفتەکە تەرخان دەکەن.
 
گوندی 'شارسینە' یەکێکە لە کۆنترین گوندەکانى دۆڵى ئالانە و مێژووەکەی بۆ 700 سـاڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە؛ لە 70 ماڵ پێکدێت و ژمارەی دانیشتووانەکەشی زیاترە لە 400 کەس. لە ساڵى 1978 قوتابخانە لەو گوندەدا دروستکراوە.
 
خەلیفان گەورەترین ناحیەی سۆرانە و ژمارەی دانیشتووانەکەی 40 هەزار کەسە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەفربارین لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

سبەی یەکەم رۆژی زستانە

ئەمڕۆ دوایین رۆژی وەرزی پاییزە و سبەی یەکەم رۆژی زستان دەستپێدەکات. کەشناسێک دەڵێ، وەرزەکە 88 رۆژ و 23 کاژێر دەبێ. کەشناسیی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، سبەی پلەی گەرما هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبێت و ئاسمان دەبێتە هەوری تەواو.