رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی و کارەبای نیشتمانی ئاسایی بووەتەوە. گوتیشی، ''گازی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 50٪ـی گازی هەموو عێراقە.''
رۆژی شەممە 27-01-2024، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە چەمچەماڵ رایگەیاند، دۆخی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی ئاسایی بووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی و کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی گەڕاوەتەوە ئەو رێژەیەی کە بەر لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە هاووڵاتییان دەدرا.
ئەحمەد موفتی گوتی، گازی کێڵگەی کۆرمۆر تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبایە و خزمەت بە هاووڵاتییان دەگەیێنێت، ''بۆیە ئەم هێرشانەی دەکرێتە سەر کێڵگەکە تەنیا زیان بە خەڵکی کوردستان دەگەیێنن''.
شەوی پێنجشەممەی رابردوو کاژێر 10:22 بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی و بەهۆیەوە کارکردن لە کێڵگەکە وەستا. ئەحمەد موفتی گوتی، ''قەبارەی زیانەکانی هێرشەکە لەو ئاستەدا نین کە جێگەی باسکردن بن و هیچ زیانێکی گیانیشی لێنەکەوتووەتەوە.''
دوای هێرشەکە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە كاژێر 10:22 خولەکی شەوی 25-01-2024، لە كێڵگەی گازی كۆرمۆر ئاگرێک کەوتەوە و بەو هۆیەوە هەناردەكردنی گاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و ئەوەش بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا.
تاوەکو ئیستا زیاتر لە پێنج جار هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، ئەمەد موفتی ئاماژەیدا، ''ئەوە یەکەم جارە هێرشەکە کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی گاز دەبێت، بەڵام توانیمان بە ماوەیەکی زۆر کەم چارەسەری بکەین''.
بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەبارەی پاراستنی زیاتری کێڵگەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گوتی، ''دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازیی کۆرمۆر، هیچ کامە لە کارمەندان شوێنی خۆیان جێنەهێشتووە و هێزە ئەمنییەکانیش هەر وەک رابردوو، هەموو توانای خۆیان خستووەتەوەگەڕ بۆ ئەوەی لە رووی ئەمنییەوە کێڵگەکە بپارێزن.''
وەک ئەحمەد موفتی دەڵێت، ئەو گازەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، نزیکەی 50٪ـی گازی هەموو عێراقە، ''بۆیە کارەبا لە کوردستان زیاترە لە بەشەکانی دیکەی عێراق''.
بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان باسی لەوە کرد، لە ئەگەری کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی بە هەر هۆکارێک، حکومەتی فیدراڵی ناتوانێت کارەبای جێگرەوە بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات، ''چونکە خۆی کێشەی کەمیی کاژێرەکانی کارەبای هەیە و دەبێ خۆمان لە بەرهەمهێنانی گازەوە، کەمیی کاژێرەکانی کارەبا دابین بکەین و رێگە بە کەمبوونەوەی نەدەین''.
بەگوتەی ئەحمەد موفتی، بەرهەمی گازی کێڵگەی کۆرمۆر نزیکەی 500 ملیۆن پێ سێ جایە کە نزیکەی سێ هەزار مێگاوات کارەبای پێ بەرهەم دەهێنڕێت.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە وەرزە سارد و گەرمەکاندا خواست لەسەر کارەبا بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە و کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی کەمتر دەبنەوە. ئەوەی پێویستیی هاونیشتمانییان پڕدەکاتەوە موەلیدە ئەهلییەکانن، کە بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، زیاتر لە پێنج هەزار و 500 موەلیدەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستاندا هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ