'مێشی ئەلیکترۆنی' لەپشت بڵاوکردنەوەی هەزاران هەواڵی ساختەیە لە عێراق

27-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بازاڕى ساختەهەواڵ لە عێراق گەرمە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى تەنیوە، دۆخەکە وای لێهاتووە هەواڵى درۆ و راست لە عێراق بە ئەستەم لێک جیا دەکرێنەوە، بەتایبەت لەگەڵ هەموو رووداوێکى گەورەدا.
 
ساڵانە زیاتر لە حەوت هەزار هەواڵى ساختە لە عێراق ئاشکرا دەبن، کەمێکیان ساخدەکرێنەوە، "مێشى ئەلیکترۆنى" لە پشت ئەو جۆرە هەواڵانەوەن، بە گوتەى شارەزایەکى ئەو بوارە بەشێکیان لەلایەن سیاسییەکانەوە بەرهەمدەهێندرێت و تەنیا رێگریش رێکارەکانى یاسایەکە کە 55 ساڵ لەمەوبەر نووسراوە.
 
لەدواى هێرشە مووشەکییەکەى 15ـی کانوونى دووەمى سەر هەولێر و دواتریش هێرشى ئەمریکا بۆ سەر بارەگەکانى حەشدی شەعبی لە ئەنبار و بابل لە 24ـی کانوونى دووەم بازاڕى ئەم جۆرە هەواڵە ساختانەش گەرم بوون.
 
وێنەى دەستکاریکراو، ڤیدیۆى دروستکراو، زانیارى ناڕاست دیارترین جۆرەکانى ساختە هەواڵن لە عێراق.
 
لە عێراق ئەو ئەرکە قورسە، تۆڕى کۆمەڵایەتیى زۆر و هەواڵى ساختەی زۆرتر، دامەزراویەکانیش بۆ رێگریکردن کەمترن، شوێنێک هەیە بەناوى (تقنیە من اجل السلام) واتە "تەکنەلۆژیا لە پێناو ئاشتى" دەمێکە راوى ساختە هەواڵ دەکات شارەزاشن لەو بوارەدا. رۆژانە لانیکەم چوار هەواڵى ساختە راست دەکەنەوە و بۆ راى گشتى ئاشکرای دەکەن.
 
ئەوس سەعدى، دامەزرێنەر و سەرۆکى دەزگاى تەکنەلۆژیا لە پێناو ئاشتى،  لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق، گوتی لە ئامانجەکانى دروستکردنى ساختە هەواڵ، سیاسی یان بازرگانی یان زیادکردنى کارلێکە لەگەڵ پەیجى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
 
بە گوێرەى ئامارى ناوەندى راگەیاندنى ژمارەیی کە تایبەتە بە تۆڕە کۆمەڵاییەتییەکان و تەکنەلۆژیاى زانیاریى، لەعێراق زیاتر 37 ملیۆن کەس تۆڕەکانى ئینتەرنێت بەکاردەهێنن، 25 ملیۆن و 530 هەزار کەس لە عێراق بەکارهێنەرى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن واتە نیوە زیاترى دانیشتووانى عێراق.
 
ئەوس سەعدی دەڵێت، ئەوانەى لەپشت بەرهەمهێنەرى هەواڵى ساختەوەن یان هەوڵى تاکەکەسین یان تۆڕ و دامەزراوەن کە بە "مێشی ئەلیکترۆنى" ناویان دەبات و فەرمانیان پێدەدرێت هەواڵى ساختە یان پروپاگەندەیەک بڵاوبکەنەوە بە ئاراستەیەکى دیاریکراو، کە بە گوتەى ئەو، پرۆسەکە لە دواى بۆردوومانکردنى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان روویدا.
 
ئەوس سەعدی گوتیشی، "هەواڵە ساختەکان لە شێوەى سێگۆشەیی دەردەکەون، لەسەرى هەڕەمى سێگۆشەکەوە هەواڵى ساختە بڵاودەکرێتەوە لەبارەى هەڵمەتەکانى چەواشەکارى یان بڵاوکردنەوەى پروپاگەندە و لەوێوە لەسەرى هەڕەمەکەوە دادەبەزێت بۆ خوارەوە کە رەنگە کەناڵى تەلەڤزیۆنى تێدابێت یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەژمارە وەهمییەکان، کە دەڵێم لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەستپێدەکات، مەبەستم ئەوەیە کە ئەگەر هەیە لە سیاسیەکانەوە دەستپێبکات، ئەگەر هەمووشی نەبێت هەندێکى بەو شێوەیەیە."
 
لە وەزارەتى ناوخۆى عێراق بەشێکى تایبەت بە ناوى هۆبەى بنبڕکردنى دەنگۆ یان هەواڵى ناڕاست هەیە و چاودێری بڵاوبوونەوەى هەواڵە ساختەکان دەکەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە گوێرەى ئامارەکانى ئەو دەزگایە ساڵانە زیاتر لە حەوت هەزار هەواڵى لەو جۆرە دەستنیشان دەکەن.
 
تائێستا لە عێراق کار بەیاساى سزادانی عێراقى دەکرێت لەو پرسانەى پەیوەندیدارن بە بڵاوکردنەوەى ساختە هەواڵ کە لە ساڵى 1969 داندراوە، سزاکەى دەگاتە 10 ساڵ بەندکردن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.