رووداو دیجیتاڵ
دەرچووانی دانەمەزراوی ماستەر و دکتۆرا لە هەولێر گردبوونەتەوە و داوای دامەزراندن دەکەن. نوێنەرێکیان دەڵێت، ''بێگومان لە هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندنی ئێمە دەرفەت و بۆشایی هەیە، پێویستە بەر لە پەسندنکردنی بودجەی 2025 هەوڵی جیدیمان بۆ بدرێت.''
ئەمڕۆ دووشەممە 27-01-2025، ژمارەیەک لە خاوەن بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆرای دانەمەزراو لە هەولێر گردبوونەوە و چەند داواکارییەکیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان کرد.
عەبدولکەریم خدر رەسووڵ، یەکێک لە نوێنەرانی خاوەن بڕوانامە باڵاکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''بەپێی یاسای ژمارە 59ـی ساڵی 2017ـی حکومەتی فیدراڵی، دامەزراندن مافی سەرجەم خاوەن بڕوانامە باڵاکانە، لەکاتێکدا ئێمە لێی بیبەش کراوین.''
بەگوتەی عەبدولکەریم خدر، ژمارەیان نزیکەی 500 کەسە و بۆ دامەزراندنیان تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی ''لێپرسراوانە و کردەیی'' نەنراوە.
ئەو نوێنەرەی خاوەن بڕوانامە باڵاکانی دانەمەزراو، لە چەند خاڵێکدا داواکارییەکان دەخاتەڕوو کە بریتین لە، ''رەخساندنی دەرفەتی دامەزراندن بۆ هەموو هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان بەبێ جیاوازی، گرتنەبەری نەخشەڕێگە و میکانیزمی ئاشکرا و شەفاف بۆ چۆنیێتیی وەرگرتن و دامەزراندنمان، هەروەها ئەنجامدانی بایۆمەتری بۆ هەموو هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان.''
7ـی ئەیلوولی ساڵی 2022، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بابەتی دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا ئاراستەی ئەنجوومەنی گشتیی راژە بکات. عەبدولکەریم خدر رەسووڵ دەڵێت، ''بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر ئەم بڕیارەدا، هێشتا هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستانەوە نەنراوە.''
گردبوونەوەی هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان لەکاتێکدایە کە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دەرکردووە و بەپێی بڕیارەکان هەر فەرمانبەرێک تەمەنی ببێتە 60 ساڵ خانەنشین دەکرێت، ئەمەش دامەزراوە حکومییەکان تووشی گرفتی کەمیی فەرمانبەر دەکات. ئەو نوێنەرە جەختی لەوەش کردەوە، ''بێگومان لە هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندنی ئێمە دەرفەت و بۆشایی هەیە، بۆیە داواکارین بەر لە پەسندنکردنی بودجەی ساڵی 2025، هەنگاوی جدی بۆ دامەزراندنمان بدرێت''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ