بایکۆتی مامۆستایان لە سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێکردەوە

27-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جارێکی دیکە لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان، بایکۆتی مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە دەستیپێکردەوە. بەرپرسێکی باڵای پەروەردە دەڵێت: "بەهۆی بایکۆتەوە زۆرینەی قوتابخانەکان داخراون".
 
ئاوات محەممەد، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ زۆرینە لە قوتابخانەکانی سلێمانی بەهۆی بایکۆتەوە داخراون".
 
ئاوات محەممەد دەڵێت، داواکاری مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە، راگرتنی پلەبەرزکردنەوەیە و داواش دەکەن، لە رێگەی بانکەکانی عێراقەوە "تەوتین" بکرێن.
 
هەر ئەمڕۆ فەرهاد قادر، ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنوورەکەمان بایکۆت خۆڕسکە و ژمارەیەک مامۆستا بایکۆتیان کردووە. هەروەها قوتابخانەی ئامادەیی باڵانبۆ بە دەنگی زۆرینەی مامۆستاکانی بایکۆتیان راگەیاندووە و قوتابخانەکە داخراوە".
 
هەروەها بەرپرسێکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "راستە و زۆرینەی قوتابخانەکان داخراون، داواکاری سەرەکیی مامۆستایانیش مووچەی مانگەکانی 12ی پار و 1ی ئەم ساڵە".
 
هاوکات عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ناڕەزایی مامۆستایان سەریهەڵداوەتەوە، بەڵام ئاگادار نیم چەند قوتابخانە بەهۆی بایکۆتەوە داخراون".
 
جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، مامۆستایانی ناڕازی بڕیاریانداوە سبەی خۆپێشاندان بکەن و ناڕەزاییەکانیان فراوان بکەن.
 
لە هەمان سنوور و بۆ هەمان ئامانج، لە 01-12-2024 زۆرینەی مامۆستایان بایکۆتی دەوامیان کرد، بەڵام لە کۆتایی مانگەکەدا و دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی 10ـی ساڵی رابردوو رایانگەیاند، بۆ تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم دەگەڕێنەوە قوتابخانەکان.
 
لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و سۆران، دەوامکردن ئاساییە.
 
ساڵی رابردووش لەگەڵ دەستپێکی خوێندندا لە 13ـی ئەیلوول، لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکە، مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە بایکۆتیان کرد و بایکۆتەکەش تاوەکو 20ـی شوباتی ئەم ساڵ درێژەی کێشا.
 
کێشەی ساڵانەی بایکۆتی مامۆستایان، ناجێگیریی دابەشکردنی مووچەیە، کە ئێستا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەدرێت و تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو دابەش نەکراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئیلهام عه‌لیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان.

ئیلهام عەلیێڤ بە فەرمی نێچیرڤان بارزانیی بانگهێشتی ئازەربایجان کرد

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، لە درێژەی دیدارەکانیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئیلهام عه‌لیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان کۆبووەوە.