رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە، سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات. ئەندامێکی لیژنەی شەهیدانی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکان، پەنا بۆ مەلاکانی ئێران دەبەن.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی لیژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانیان لە پەرلەمانی عێراق، دووشەممە، 27-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی حکومەتی عێراق سەردانی ئێران دەکەن.
چرۆ حەمەشەریف، کە نوێنەری هەڵەبجەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە نەخۆشخانەکان و تۆماری لەدایکبوونەکان بەدواداچوون بۆ منداڵە ونبووەکان دەکرێت. هەروەها داوا لە مەلاکانی ئێران دەکەن لە گوتاری هەینی هانی خەڵک بدەن، کە هەرکەس منداڵی هەڵەبجەیی لایە، یان زانیاریی هەیە، هاوکار بێت و منداڵەکان رادەست بکەنەوە.
سەبارەت بە وادەی سەردانەکە، چرۆ حەمەشەریف دەڵێت: "هێشتا وادەی سەردانەکە دیاری نەکراوە، بەڵام پێویستە لە نزیکترین کاتدا بێت."
بەرپرسێک لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بە رووداوی راگەیاند: "لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، 211 منداڵی هەڵەبجە بێسەروشوێن بوون. تاوەکو ئێستا 10یان دۆزراونەتەوە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی ئەوانە دیکە بەردەوامە کە چارەنووسیان نادیارە."
چوارشەممە و پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سەردانی بەغدای کرد بۆ هاوئاهەنگیی زیاتر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، دەرەوە، داد، تەندروستی، و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، هەروەها لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە بەغدا کۆبوونەوە. تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیشیان لەگەڵ ئەو لایەنانەدا چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە بوو.
لە ساڵی 1988 و لەکاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسەوە، جگە لە شەهیدبوونی زیاتر لە 5000 کەس، چەندین منداڵ لە خێزانەکانیان دابڕان و تەنیا چارەنووسی ژمارەیەکی کەمیان روون بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ