میدیای جیهان چۆن باسی رۆژئاوای کوردستان دەکات؟

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە سەرەتای کانوونی دووەمی 2026ـەوە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازیی سووریا وەرچەرخانێکی خێرای بەخۆوە بینیووە و هاوسەنگییەکانی 10 ساڵی رابردووی تێکداوە. بەشێک لە میدیا جیهانییەکان رەخنە لە وڵاتانی رۆژئاوا دەگرن بەهۆی ئەو سیاسەتەی بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان جێبەجێی دەکەن. 
 
"بێوەفایی واشنتن" و وەرچەرخان بەرەو دیمەشق
 
رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکی مەیدانیدا ئاماژە بەوە دەکات، هاوپەیمانیی نێوان واشنتن و کورد بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێ.
 
رۆژنامەکە نووسیویەتی: "ئەمریکا پشتی لە هاوپەیمانە دێرینەکەی (هەسەدە) کردووە و پاڵپشتیی خۆی بۆ حکومەتە نوێیەکەی سەرۆک ئەحمەد شەرع دووپات کردووەتەوە. ئەم گۆڕانکارییە وایکردووە، هەسەدە لە ناوچە ستراتیژییەکان پاشەکشە بکات و رێگە بۆ سوپای سووریا خۆشبکات دەست بەسەر کێڵگە نەوتییەکان و زەوییە بەپیتەکانی باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا بگرێتەوە."
 
نیویۆرک تایمز قسەیەکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای گواستووەوەتەوە کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کردی و گوتی: "من کوردم خۆش دەوێ، بەڵام تەنیا بۆ ئەوەی تێبگەن، بڕێکی زۆر پارەیان پێدراوە، نەوت و شتی دیکەیان پێدراوە، بۆیە ئەوان زیاتر بۆ خۆیان ئەو کارەیان دەکرد نەک بۆ ئێمە."
 
ئەم هەڵوێستەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ گوتەکانی تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێكس رایگەیاند: "رۆڵی هەسەدە وەک هێزی سەرەکیی دژە داعش تاوەکو ئاستێکی زۆر بەسەرچووە، چونکە دیمەشق ئێستا خواستی هەیە و لە پێگەیەکیشدایە کە بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان بگرێتە ئەستۆ."
 
داڕمانی پرۆژەی ئۆتۆنۆمی و گۆڕانی ناسنامەی ناوچەکە
 
گۆڤاری (ئیکۆنۆمیست)ـی بەریتانی باس لەوە دەکات: "ئەزموونی کورد بۆ ئۆتۆنۆمی لە سووریا لەبەردەم هەڕەشەی نەماندایە."
 
گۆڤارەکە دەڵێ: "ئەمریکا چی دیکە هەسەدە وەک هێزێکی بەسوود بۆ ستراتیژییەکەی لە ناوچەکەدا نابینێت."
 
بەپێی گۆڤارەکە، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا دۆخی رێککەوتنەکانیش گۆڕاون و ئێستا دیمەشق مەرجی "تێکەڵبوونی تاکەکەسیی" شەڕڤانانی لەنێو سوپای سووریادا داناوە و هیچ دانپێدانانێکی فەرمی بە هەسەدە وەک قەوارەیەکی سەربازیی جیاواز ناکات. 
 
کەزی؛ هێمای نوێی بەرگری دژی تووندڕۆیی
 
لە راپۆرتێکی (Jerusalem Post)ـی ئیسرائیلیدا باس لەوە کراوە کە چۆن "کەزی" بووەتە هێمای بەرگریی ژنانی کورد. 
 
ئەم هەڵمەتە جیهانییە دوای ئەوە دەستیپێکرد، ڤیدیۆی چەکدارێکی سوپای سووریا بڵاوبووەوە کە کەزییەکی بڕاوەی ژنە شەڕڤانێکی بەدەستەوە بووە وەک "دیارییەک" لە جەنگدا.
 
نەتاشا واڵتەر لە رۆژنامەی (گاردیان)ـی بەریتانی باس لەوە دەکات، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ رۆژئاوای کوردستان، سەرسام بووە بە "متمانەی رۆشنبیریی ژنان لەوێ" کە نەک تەنیا نووسەر و مامۆستاکان، بەڵکو دادوەر، سەرباز و کرێکارانی کارگەکانیش خەریکی خوێندنەوەی نووسەرانی وەک "نەوال سەعداوی، ڤێرجینیا ووڵف و رۆزا لوکسمبێرگ" بوون بۆ ئەوەی بزانن چۆن "فێمینیزم و سۆسیالیزم دەتوانن پێکەوە کاربکەن."
 
ئادەم کوگڵ لە هیومەن رایتس وۆچ ئاماژە بە ڤیدیۆیەک دەکات کە تێیدا سەربازێکی سووریا دەبینرێ "هاوار دەکات اللە اکبر و ژنێک لە باڵەخانەیەکەوە فڕێ دەداتە خوارەوە."
 
بۆمبی چێندراوی داعش و کێشەی گرتووخانەکان
 
رۆژنامەی (ناشناڵ)ـی ئیماراتی تیشک دەخاتە سەر مەترسییەکی گەورەتر کە ئەویش "داعش"ـە.
 
هەسەدە بۆ ساڵانێک پارێزگاری لە گرتووخانەکان کرد، بەڵام ئێستا بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە ژمارەیەک زیندانی لە گرتووخانەی شەدادی هەڵاتوون. ئەمریکا ئێستا دەستی بە گواستنەوەی هەزاران چەکداری پێشووی داعش کردووە بۆ ناو عێراق.
 
(ناشناڵ) دەڵێ: "گواستنەوەی کێشەکە بۆ ئەوبەری سنوور نیشانەی ئەوەیە ئەمریکا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ناتوانێ متمانە بە دیمەشق بکات بۆ وەرگرتنی ئەو پرسە ئەمنییە، چونکە هەر هەڵاتنێکی زیندانییەکان مەترسیی ئەمنییە و سەرکەوتنی پڕوپاگەندەیشە بۆ داعش."
 
پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک باس لەوە دەکات: "ئیسرائیل و ئوردن بە گومانەوە سەیری ئەم دۆخە دەکەن. ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی لە شوێنی ئێران، دەوڵەتێکی سوننەی تووندڕۆ لەسەر سنوورەکانی دروست ببێت."
 
عەساف ئۆریۆن، لێکۆڵەر لە پەیمانگەکە دەڵێ: "هێرشی چەقاوەسووانەی دیمەشق دژی کورد" ئەو پرسەیە ترسەکەی دروست کردووە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە