کوردستان
ژمارەیەک لە کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپێکدا. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی زیاتری هەواڵەکەیە: ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایدەگەیێنێت، کەمپی رۆژ هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە و زیاتر لە 2000 کەس لە خێزانی بیانیی چەکدارانی داعشی تێدایە. دەشڵێت، "هیوادارین وڵاتانی بیانی خێزانەکانیان ببەنەوە بۆئەوەی مەترسی دروست نەبێت."
شێخموس ئەحمەد، هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە خێزانی بیانیی چەکدارانی داعش لە کەمپی رۆژ دەمێننەوە و هیوادارن وڵاتەکانیان کار بۆ گەڕانەوەیان بکەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی شێخموس ئەحمەد، ئێستا لە کەمپی رۆژدا 731 خێزانی بیانیی داعش هەن، کە ژمارەیان بە گشتی دەگاتە دوو هەزار و 125 کەس؛ ئەو کەمپەش لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە.
شێخموس ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، ئەو خێزانانە چاوەڕێی گەڕانەوەن بۆ وڵاتەکانیان و گوتی، "سەرەڕای هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2024 بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەیان، هێشتا ژمارەیەکی زۆریان لە کەمپەکە ماونەتەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە وڵاتەکانیان تاوەکو ئێستا هەنگاوی پێویستیان بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانیان نەناوە."
شێخموس ئەحمەد هۆشداری دا لەوەی ئەگەر رووداوێکی ئەمنی رووبدات و ئەو کەسانە لە کەمپەکە هەڵبێن، نەک تەنیا بۆ ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە و جیهانیش دەبنە مەترسییەکی گەورەی ئەمنی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ