وەزیری کارەبا لەبارەی 'پڕۆژەی رووناکی': تاوەکو کارەبا زیاتر بەکاربهێنیت، پارەی زیاترت بۆ دێتەوە

27-04-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
محەممەد کەمال، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان کە هاوکات وەزیری سامانەسرووشتییەکانە بە وەکالەت
محەممەد کەمال، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان کە هاوکات وەزیری سامانەسرووشتییەکانە بە وەکالەت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێستا لە هەولێر 104 هەزار هاوبەشی کارەبا، لە سلێمانی زیاتر لە 12 هەزار هاوبەش و لە دهۆکیش بە هەمان شێوە لە 'پڕۆژەی رووناکی' کارەبای 24 کاژێرییان هەیە. لەبارەی نرخەکەیشی گوتی، 65%ی ئەوانەی هەولێر مانگانە کەمتر لە 42 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە.
 
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی 'پڕۆژەی رووناکی' و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانی کرد.
 
بە گوتەی وەزیری کارەبا، بڕیارە ئەم ساڵ 'پڕۆژەی رووناکی' لە سەنتەری شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە تەواو ببێت و ساڵی 2026یش لە شار و شارۆچکەکانی دیکە پڕۆژەکە تەواو بکرێت، کە تێیدا 24 کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدرێت بە هاوبەشانی.
 
سەبارەت بە نرخی نرخی کارەبای 24 کاژێری لە 'پڕۆژەی رووناکی' وەزیرەکە دڵنیایی دا لەوەی، "نرخی کارەبا ئەوەندە نییە کە هەندێک کەس باسی دەکەن،" نموونەیشی بەوە هێنایەوە، لە هەولێر 104 هەزار هاوبەشی پڕۆژەکە هەن و 65%یان مانگانە کەمتر لە 42 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە، دەشڵێت، نرخەکە "بەپێی کارپێکردنی کارەبایە و تاوەکو هاوبەشەکە زیاتر بەکاربهێنێت، نرخەکەی زیاتر دەبێت."
 
کەمال محەممەد دەڵێت، لەم کابینەی حکومەتدا 1840 مێگاوات کارەبایان زیاد کردووە، بە شێوەیەک کە لە بازیان 750 مێگاوات، خورمەڵە 500 مێگاوات، خەبات 300 مێگاوات، گەرمیان 165 مێگاوات، هەولێر 29 مێگاوات، سلێمانی 29 مێگاوات، دهۆک 29 مێگاوات و دێرەلووکیش 38 مێگاوات.
 
رۆژی 16-04-2025 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە "دیداری سلێمانی" باسی "پڕۆژەی رووناکی"ی کرد و گوتی، "ئەویش بۆ مەرامی سیاسی پڕوپاگەندەی لە دژ کرا، گوایە پارەی زیاتر وەردەگیرێت. 80%ی ئەو کەسانەی بەشدارن لە پڕۆژەکە، کەمتر لە جاران پارە دەدەن، ئەوانەی زیاتر پارە دەدەن، ئەو کەسانەن کە کارەبای زیاتر بەکاردەهێنن."
 
 
"لە نزیکەی 2 ساڵدا 12 ملیۆن بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا کراوە"
 
هەروەها لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان محەممەد کەمال، کە هاوکات وەزیری سامانە سرووشتییەکانە بە وەکالەت، ئەوەی خستەڕوو کە دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بەردەوامە، چەند کێشەیەک لەگەڵ کۆمپانیاکان هەیە کە دەیانەوێت گەرەنتی کارکردن و شایستەکانیان بکرێت.
 
وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت گوتیشی، "لەسەر داواکاریی وەزارەتی نەوتی عێراق لە 25-06-2023وە نەوتی خۆمان رادەستیان کرد، زیاتر لە 12 ملیۆن بەرمیلمان رادەستکردوون و وەزارەتی نەوت یەک دینار و یەک دۆلاریان نەداوەتە کۆمپانیاکان."
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی 16ی نیسان لە "دیداری سلێمانی" گوتی، لە ساڵی 2023 لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا، "لەو سەردەمە تاوەکو ئێستا وەکو هەرێمی کوردستان زیاتر لە 23 ملیار دۆلار ئێمە زیانمان بەرکەوتووە و بە هیچ جۆرێکیش ئەم زیانە قەرەبوو نەکراوەتەوە، تاوەکو کەسێک بڵێت هەرێمی کوردستان تێیدا سوودمەندە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.