رووداو دیجیتاڵ
سبەی دووشەممە، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، رێواس فایەق، ئەندامی سەرکردایەتی و ئەندامی شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، سبەی دووشەممە، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی سلێمانی دەکات و کۆدەبنەوە.
کۆبوونەوەکە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ لە قەزای دووکان دەکرێت. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەریەک لە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادە دەبن. بەڵام ئەم زانیارییە بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت: "بڕیار بوو زووتر کۆبوونەوەکە بکرێ، بەڵام لەبەر دیداری یەکێتی دواخرا".
پێشتر چەند گەڕێکی دانوستاندن لەنێوان شاندی دانوستاندنی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەڕێوەچووە و هەردوولا ئاماژە بەوە دەکەن، ''بەرەوپێشچوونی باش'' لە گفتوگۆکان هەیە.
پێنجشەممە، 24-04-2025، هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی 11ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''وەکو پارتی هەوڵێکی باشمان هەیە بۆ رێککەوتن و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت، هەروەها گەشبینین لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگەینە رێککەوتن.''
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان گوتی، حیزبەکەی داوای هیچ پۆستێکی نەکردووە، ''زۆر جار باس لەوە دەکرێت پارتی داوای پۆستە سیادییەکان دەکات، ئەوە ئێمە نین، بەڵکو ئەوە نەریتی هەڵبژاردنە و یاسایە کە کێ براوەی یەکەم بێت، پۆستی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لای ئەوان بێت.''
گوتیشی: ''ئەوە دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانن ئێمەیان هەڵبژاردووە کە لەم قۆناخەدا، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی حکومەت وەربگرین''.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی جەختی لەوە کردەوە، ''وەک جەنابی سەرۆک بە ئاشکرا رایگەیاندووە، ئەوە گرنگە خاوەنی یەک هەرێم، یەک پەرلەمان و یەک حکومەت بین، بۆیە پێمانوایە نابێت پۆستەکان ببنە رێگر لە بەردەم رێککەوتندا.''
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ى تشرینى یەکەمی 2024 کرا. پارتى 39 کورسی و یەکێتى 23 کورسی بەدەستهێنا، لەدوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش مانگ، هێشتا لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێکنەکەوتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ