رووداو دیجیتاڵ
دوای رووداوەکەی دوێنێی کەرکووک، هاتووچۆی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا کارکردنی بارهەڵگرە قورسەکان بە "ژمارەی کاتی" قەدەخە بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە مەبەستی رێگریکردن لە کارەساتی نەخوازراو، چەند بڕیارێکی نوێ دەرکراون.
بەپێی راگەییندراوەکە: "لە 28-4-2026ـەوە، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و بیناسازی کە کێشەکەی لە 4 تۆن زیاتر بێت، قەدەخەیە بە ژمارەی کاتی بار بگوازێتەوە، تاوەکو ئەو کاتەی ژمارە کاتییەکەی تۆمار دەکرێت و ژمارە و تابلۆی تایبەت بە خۆی وەردەگرێت."
هەر بەپێی بڕیارە نوێیەکە، ئەو بارهەڵگرانەی کە پێشتر تۆمار کراون، دەبێت بە دروستی و لە کاتی خۆیدا پشکنینی ساڵانە بۆ دڵنیابوون لە مەرجەکانی سەلامەتی بکەن.
هاتووچۆی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات کە "بە پێچەوانەوە دەست بەسەر بارهەڵگرەکەدا دەگیرێت و سزای دارایی قورسی بەسەردا دەسەپێندرێت."
بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و مەفرەزەکانیان راسپێردراون بۆ ئەوەی کاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە بکەن.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە دوێنێ یەکشەممە، لەسەر رێگەی کەرکووک - سلێمانی، بارهەڵگرێکی چیمەنتۆ بەهۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵەوە خۆی بە 21 ئۆتۆمبێلی دیکەدا کێشا، بەوهۆیەوە 6 کەس گیانیان لەدەستدا و 27ـی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ