رووداو دیجیتاڵ
مەسعود بەقاڵ، راهێنەری ئامەدسپۆر دوای نیشاندانی ئاست و یاریی زۆر باش، لەوکاتەی کە ئامەدسپۆر لە لووتکەیە و تەنیا بردنەوەی یاریی هەفتەی داهاتوو دەیگەیێنێتە خولی نایابی تورکیا، دەستی لەکار کێشایەوە و راهێنەرێکی دیکە لە شوێنەکەیدا دەستبەکار بوو.
یانەی ئامەدسپۆر رۆژی دووشەممە 27-4-2026 کۆتایی بە گرێبەستی مەسعود بەقاڵ، راهێنەری یانەکەی هێنا و رایگەیاند، ئەو بڕیارە بە رەزامەندیی هەردوولا دراوە.
مەسعود بەقاڵ کە وەرزی رابردوو ئامەدسپۆری لە خولی یانە پلەدووەکانی تورکیادا کردە پاڵەوان و گەیاندیە خولی یانە پلە یەکەکان، لەلایەن هاندەران و جەماوەری یانەکەوە بە (ئەفسانە) ناودەبرێت. ئەم ساڵیش تاوەکو هەفتەکانی کۆتایی خولەکە، لە زۆربەی کاتەکاندا ئامەدسپۆر لە پلەی دووەمدا بوو، بەڵام چوار هەفتەیە هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە.
هەفتەی 34؛ لەگەڵ ئەسەنلەر ئەڕۆک سپۆر 1-1 یەکسان بوو
هەفتەی 35؛ لەگەڵ عومرانیەسپۆر 2-2 یەکسان بوو
هەفتەی 36؛ لەگەڵ باندرمەسپۆر 2-0 دۆڕا
هەفتەی 37؛ لەگەڵ بۆدڕوم سپۆر 1-1 یەکسان بوو
هەفتەی 38؛ دوایین هەفتەیە و رووبەڕووی ئیدرسپۆر دەبێتەوە
.jpg)
لە یارییەکەی بەرامبەر بۆدروم سپۆر، سەرەڕای ئەوەی تیپی بەرامبەر لە خولەکی 5ی یارییەکەوە یاریزانێکی دەرکرا و بە 10 یاریزانەوە یاریی کرد، بەڵام دیسانەوە یارییەکە بە گۆڵێک بۆ هەردوولا کۆتایی هات. ئەمە هۆکاری سەرەکیی دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود بەقاڵ بوو.
یانەی ئامەدسپۆر لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا لەمبارەیەوە دەڵێ:"لە ئەنجامی گفتوگۆمان لەگەڵ مەسعود بەقاڵ، راهێنەری تیپەکەمان، بە رەزامەندیی هەردوولا ریگەمان جیاکردەوە. سوپاسی راهێنەر و ستافەکەی دەکەین بۆ هەوڵی بەدەستهێنانی نازناوەکە، بۆ یانەکەمان".
کێ دەبێتە راهێنەر؟
ئامەدسپۆر کاژێر 4ی ئێوارەی رۆژی 2-5-2026 لە دواهەفتەی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا کە 38مین هەفتەیە، دەبێتە میوانی یانەی ئیدرسپۆر.
کارگێڕیی یانەکە بە شێوەیەکی کاتی تیپەکەی بە سەرتاج کوچوکبایراک، بەڕێوەبەری تیپی لاوانی یانەکە سپاردووە.
بەرپرسانی کارگێڕیی ئامەدسپۆر دەڵێن، بەم هەنگاوە دەیانەوێ هەژەندیێکی ئەرێنی لەسەر یاریزانەکانیان دروست بکەن. بۆ ئەوەی ورەیان بەرز ببێتەوە.
.jpg)
تووڕەیی راهێنەری ئامەدسپۆر لە دوای یارییەکە
دوای یارییەکەیان لەگەڵ یانەی بۆدڕوم سپۆر مەسعود بەقاڵ، راهێنەری یانەی ئامەدسپۆر بە تووڕەییەوە هاتە بەردەم کامێراکان و گوتی: "ئێستا ئەگەر شتێک لە دەمم دەربچێ داوای لێبووردن دەکەم. بەڕاستی ئێستا هەوڵدەدەم ئارام بم. ئەوان لە خولەکی پێنجەوە بە 10 یاریزان یارییان کرد. ئەوە قبووڵ دەکەم کە سترێس هەبوو. گۆڵیشمان کرد، بەڵام دوایین خولەک گۆڵمان لێکرا."
گوتیشی: "بەڕاستی حەپەساوم! لە ماڵی خۆمان و بەرامبەر 10 یاریزان! من ئەوە دەڵێم کە باش یاریمان نەکرد. من دەڵێم لە پێشەوە یاری بکەن، کەچی یاریزانانمان تۆپ دەگەڕێننەوە دواوە. کاتێک ئەوەندە گوشار دەکرێت، ئەمەیە دادپەروەریی تۆپی پێ".
ئەگەری سەرکەوتنی ئامەدسپۆر
ئامەدسپۆر رۆژی 28-11-2025 لە یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی یانەی ئەسەنلەر ئەڕۆک سپۆر بووەوە و یارییەکەی بە ئەنجامی 2-1 لی بردەوە.
هەروەها رۆژی 9-4-2026 لە یاریی گەڕانەوەدا بووە میوانی یانەی ئەسەنلەر ئەڕۆک سپۆر و بە ئەنجامی 1-1 لەگەڵیدا یەکسان بوو.
بەگوێرەی رێسای خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا، لە ئەگەری یەکسانبوونی خاڵی دوو یانەدا دەگەڕێنەوە بۆ ئەو خاڵانەی لە یارییەکانی نێوانیاندا بەدەستیان هێناوە.
لە دوو یاریی نێوانیاندا ئامەدسپۆر چوار خاڵ و ئەسەنلەر ئەڕۆک سپۆر یەک خاڵی بەدەستهێناوە.
هەر بۆیە ئەگەر ئامەدسپۆر لە یانەی ئیدرسپۆر بباتەوە، بە بێ چاوەڕێکردنی ئەنجامی یارییەکەی ئەسەنلەر ئەڕۆک سپۆر، سەردەکەوێت بۆ خولی سوپەرلیگ و رکابەریی یانەکانی گاڵاتاسارای، فەنەرباخچە و بێشکتاش دەکات.
یانەی ئیدرسپۆر لە پلەی 12ی خولەکەدایە؛ نە هیوایەکی بۆ گەیشتن بە سوپەرلیگ هەیە، نە مەترسیی کەوتنی بۆ خولی یانە پلە دووەکان هەیە. واتا بردنەوەی یان دۆڕاندنی لەگەڵ ئامەدسپۆر هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بۆ ئەو یانەیە دروست ناکات.
رکابەرەکەی ئامەدسپۆر ئەرکی سەختە
بردنەوەی ئامەدسپۆر کۆتایی بە خەونی راستەوخۆ گەیشتنی ئەسەنلەر ئەڕۆک بە سوپەرلیگ دەهینێت. جگە لەوەش یانەی ئەسەنلەر ئەڕۆک سپۆر کە رکابەری ئامەدسپۆرە، لە کۆتا یاریی خولەکەدا میوانداریی یانەی پەندیک سپۆر دەکات و یارییەکە هاوکات لەگەڵ یاریی ئامەد کاژێر 4ی ئێوارەی 2-5-2026 بەڕێوەدەچێت.
یانەی پەندیک سپۆر بە کۆکردنەوەی 62 خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندییەکەدایە و هیوای زۆری بۆ گەیشتن بە یارییەکانی پاشکۆی گەیشتن بە خولی سوپەرلیگ هەیە.
چەند یانە و چۆن دەگەنە (سوپەرلیگ) خولی نایابی تورکیا؟
بە گشتی سێ یانە لە خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیاوە دەگەنە خولی نایاب (سوپەرلیگ). دوو یانە (یەکەم و دووەم) راستەوخۆ دەگەنە سوپەرلیگ. یانەی ئەرزەڕۆم کە لە کۆی 37 یاریدا 80 خاڵی هەیە، هەفتەی رابردوو گەیشتنی بە خولی سوپەرلیگ مسۆگەرکرد و ئاهەنگیشی گێڕا.
یانەی ئامەدسپۆر و ئەسەنلەر ئەڕۆک سپۆر هەریەکەیان 73 خاڵیان هەیە و رکابەریی لەسەر دووەمین بلیتی گەیشتن بە سوپەرلیگ دەکەن. هەروەها یانەی چۆروم سپۆر کە 70 خاڵی هەیە، لە ئەگەری دۆڕانی هەریەک لە ئامەدسپۆر و ئەسەنلەر ئەڕۆک سپۆردا دەچێتە نێو رکابەرییەکە.
دوای ئەوەی یەکەم و دووەم دیاریکران کە راستەوخۆ دەگەنە سوپەرلیگ، یانەکانی سێیەم، چوارەم، پێنجەم، شەشەم و حەوتەمی ریزبەندییەکە، لە یاریی پاشکۆدا رکابەریی لەسەر بلیتی سێیەم دەکەن و لە هەر پێنج یانەکە تەنیا یەکێکیان هاوشانی یەکەم و دووەم، دەچێتە سوپەرلیگ.
.jpg)
ئامەدسپۆر و گۆڵکارانی لە تۆمارکردنی مێژوو نزیکن
ئەگەر ئامەدسپۆر ئەم یارییە بباتەوە، راستەوخۆ دەگاتە خولی نایاب (سوپەرلیگ) و ئەمە دەبێتە مێژوو، چونکە ئامەدسپۆر یەکەمین جارە لە مێژوویدا دەچێتە نێو رکابەرییەکانی سوپەرلیگ. هەروەها لە لیستی گۆڵکاراندا ئامەدسپۆر بە جیاوازییەکی زۆر لەپێشەوەیە و یەکەم و چوارەم گۆڵگار یاریزانی ئەو یانەیەن.
مبایێ جاگنێ، یاریزانی ئامەدسپۆر بە تۆماکردنی 28 گۆڵ لە وەرزی ئەم ساڵدا پلەی یەکەمی گۆڵکارانی گرتووە. ئەرەن تۆزڵو، یاریزانی یانەی ئەرزەڕۆم سپۆر بە تۆمارکردنی 22 گۆڵ لە پلەی دووەمە. لۆیس پابلۆ دیۆنی، یاریزانی یانەی مانیسا بە تۆمارکردنی 19 گوڵ پلەی سێیەمی گۆڵکارانی گرتووە و فلۆرێنت هاسانی، یاریزانی ئامەدسپۆر بە تۆمارکردنی 18 گۆڵ لە پلەی چوارەمە.
ئامەدسپۆر
یانەی ئامەدسپۆر، ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی سوور، سەوز، سپییە و سەرەتا لەژێر ناوی مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر بەشداری لە خولە میللییەکانی ئامەد دەکرد.
ساڵی 1990 لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا.
ساڵی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیێنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا.
رۆژی 28-10-2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر.
وەرزی 2023-2024 بووە پاڵەوانی خولی یانە پلە سێیەکانی تورکیا و خۆی گەیاندە خولی یانە پلە دووەکان.
وەرزی 2024-2025 بووە پاڵەوان و گەیشتە خولی یانە پلە یەکەکان.

ئامەدسپۆر و دیاربەکرسپۆر دوو یانەی جیاوازن
دیاربەکرسپۆر و ئامەدسپۆر دوو یانەی جیاوازن و هەردووکیان نوێنەرایەتیی پارێزگای ئامەد دەکەن. یانەی دیاربەکرسپۆر 24-6-1968 دامەزراوە و رەنگی درێسەکەی سوور و سەوزە. ئێستا یانەی دیاربەکرسپۆر لە گرووپی دووی خولی یانە پلە سێیەکانی تورکیا یاری دەکات. لە کۆی 30 یاریدا تەنیا 34 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە کۆی 16 تیپدا لە پلەی 12یەمە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ