رووداو دیجیتاڵ
دوای کارەساتە دڵتەزێنەکەی کەرکووک کە تێیدا بارهەڵگرێک بەهۆی نەمانی "برێک"ـەوە خۆی بە زیاتر لە 20 ئۆتۆمبێلدا کێشا، شارەزایەکی میکانیکی ئۆتۆمبێل دەڵێت، شۆفێرەکە دەیتوانی رێگری لە کارەساتەکە بکات، بەڵام "شڵەژان" رێگر ووە.
رۆژی یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، لە رووداوێکی هاتووچۆی سەختدا لە دەروازەی کەرکووک، بارهەڵگرێکی چیمەنتۆ بەهۆی نەمانی برێکەوە بۆ ماوەی 15 کیلۆمەتر بەبێ کۆنترۆڵ رۆیشت، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 6 کەس و برینداربوونی 27ـی دیکە.
حەکیم ئیبراهیم، میکانیکی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، چەند رێنماییەکی گرنگی خستەڕوو بۆ ئەو شۆفێرانەی لە کاتی لێخوڕیندا تووشی نەمانی برێک (ئیستۆپ) دەبن.
هەنگاوەکانی وەستاندنی بارهەڵگر لە کاتی نەمانی برێگدا:
1. بەکارهێنانی گێڕی قورس: گۆڕینی گێڕ لە گەورەوە بۆ بچووک (بۆ نموونە لە 5ـەوە بۆ 4 و پاشان بەرەو خوار) بە شێوەیەکی پلەبەندی. ئەمە وا دەکات مەکینەکە ئۆتۆمبێلەکە خاو بکاتەوە. حەکیم ئیبراهیم دەڵێت: "تەنانەت ئەگەر مەکینەکەش بتەقێت، گرنگ ئەوەیە ئۆتۆمبێلەکە بوەستێت."
2. بەکارهێنانی شۆڵدەر و بەربەستەکان: پێویستە شۆفێر ئۆتۆمبێلەکە بباتە دەرەوەی رێگەی سەرەکی و لایەکی ئۆتۆمبێلەکە بە "رەسیف" یان بەربەستەکاندا بخشێنێت بۆ ئەوەی خێراییەکەی کەم بێتەوە.
3. ئیستۆپی عارەبانە: زۆربەی بارهەڵگرەکان سیستمێکی جودایان هەیە بۆ وەستاندنی تانکی یان عارەبانەکەی پشتەوە، کە دەتوانرێت بە جیا بەکاربهێنرێت.
4. ئاگادارکردنەوە: بەکارهێنانی چوار فلۆچەر (چواری) بۆ ئاگادارکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانی دیکە.
بۆچی برێگی بارهەڵگر لەکاردەکەوێت؟
ئەم شارەزایە ئاماژە بەوە دەکات کە سیستمی وەستانی بارهەڵگرەکان لەسەر "هەوا" کاردەکات. تێکچوونی ئەم سیستمە زۆرجار پەیوەندی بە تەقینی سۆندەکانی هەوا یان لەکارکەوتنی پەمپی هەواوە هەیە. حەکیم ئیبراهیم هۆشداری دەدات: "کاتێک بارهەڵگر بارێکی قورسی وەک چیمەنتۆی پێیە و خێراییەکەی لە 80 کم زیاتر بێت، کۆنترۆڵکردنی لە کاتی نەمانی برێکدا نزیک دەبێتەوە لە مەحاڵ."
رێنمایی بۆ شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بچووک
بۆ ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێلی تایبەت (تۆماتیک یان عادی) لێدەخوڕن، ئەم شارەزایە ئامۆژگارییان دەکات:
- هەرگیز مەشڵەژێن و هێمنی خۆتان بپارێزن.
- لە ئۆتۆمبێلی ئۆتۆماتیکدا، گێڕەکە بخەنە سەر باری دەستی (Manual) و پلە بە پلە گێڕەکان کەم بکەنەوە.
- ئۆتۆمبێلەکە بەرەو "شۆڵدەر"ـی رێگاکە بەرن و هەوڵ بدەن بە لێخشاندن بە رەسیف یان خۆڵدا بیوەستێنن.
حەکیم ئیبراهیم داواکارییەکی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ ئەوەی پشکنینی ساڵانەی ئۆتۆمبێل (هەزە) بۆ بارهەڵگرە گەورەکان تووندتر بکرێت و پێشنیازیکرد شەش مانگ جارێک پشکنینی ورد بۆ سیستمی برێک و سەلامەتییان بکرێت بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی لەو شێوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ