نوێنەری یەکگرتوو لە کۆمیسیۆن: بەشداریی هیچ کۆبوونەوەیەک ناکەم کە هۆکاری لێکترازان بێت

27-05-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کە لە پشکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە، لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر کاراکردنەوە یان نەکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، بەشداریی هیچ كار و چالاكی و كۆبوونەوەیەك ناكات كە تێبینی و رەخنەی یاسایی لەسەر بێت.
 
رۆژی شەممە، 27ـی ئایاری 2023، ئیسماعیل خورماڵی، بڕیاردەری ئەنجوومەنی كۆمیسیاران کە لە پشکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پۆستەکەی وەرگرتووە، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لە ماوەی هەشت ساڵ و نیو كاری كۆمیسیاری لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، هەمیشە كار و چالاكی و هەڵوێستەكانم بە شێوەیەكی پیشەیی و ئەرێنی بووە؛ لەو ماوەیەدا چەندین جار ئەوەم راگەیاندووە كە بەشداریی هیچ كار و چالاكی و كۆبوونەوەیەک ناكەم كە هۆكار بێت بۆ لێكترازان و كاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر پێگەی كۆمیسیۆن و دژ بێت بە ئاشتەوایی و بێلایەنی و ئارامی سیاسیی كوردستان بشێوێنێت".
 
لەبارەی کۆبوونەوەکەی 22ـی ئەم مانگەی پەرلەمانی کوردستان کە پارتی و بەشێکی پێکهاتەکان دەڵێن بە دەنگدان کۆمیسیۆن کاراکراوە و یەکێتی رەتیدەکاتەوە، ئیسماعیل خورماڵی گوتی، "سەبارەت بە نوێكردنەوەی كۆمیسیۆن لە پەرلەمانی كوردستان، بەدەر لەو تێبینی و رەخنە یاساییانەی كە هەبوون و هەیە لەسەر پرۆسەكە، بەگشتی بە شتێکی ناتەندروستی دەبینم و وا دەزانم خزمەت بەو قەناعەت و باوەڕەی كاری بەردەوامی من ناكات".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا نوێنەرەکەی یەکگرتوو لە ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیارانی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "وەک هەڵوێستێكی بنچینەیی و دوور لە لایەنگیری یان دژایەتیی هیچ كەس و لایەنێک رایدەگەیەنم کە بەشداریی هیچ كار و چالاكی و كۆبوونەوەیەك ناكەم لە ئێستا و لە داهاتوودا كە تێبینی و رەخنەی یاسایی لەسەر بێت و لە كەشێكی ئارام و تەندروستدا نەبێت و خزمەت بە كۆی پرۆسەی سیاسیی كوردستان و ئاشتەوایی و یەكڕیزی و پێكەوەژیان نەكات".
 
ئیسماعیل خورماڵی ئەمڕۆ شەممە، 27-5-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، جگە لەو هەڵوێستەی بەهۆی دۆخەکەوە رایگەیاندووە کە کار و چالاکییەکانی رادەگرێت، دەوامی ئاسایی خۆی لە کۆمیسیۆن دەکات. گوتیشی، "تەواوی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆن بە ئەوانەشەوە کە ناڕازین لە دۆخەکە، دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن".
 
لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی 22ـی ئایار، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە نووسراوێكیدا داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە هیچ ئەنجامێکی کۆبوونەوەکە پەسند نەکەن؛ لە نووسراوێکی جیاوازدا بۆ هەموو ئەو لایەنانەی نووسراوەکەی سەرۆکی پەرلەمانیان بۆ نێردرابوو، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش نووسراوێکی ئاراستەکردن و داوایکرد کە دان بە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا بنێن، کە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەڵبژاردنی دوو کۆمیسیاری نوێ بوو لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان.
 
بەرپرسانی حیزبیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەوە هەردوولایان دەستخۆشییان لە تیمی خۆیان لە پەرلەمانی کوردستان کرد؛ بۆیە دیارنییە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کەی دەبێ و ئەنجامی کۆبوونەوەکەی 22ـی ئایاریش بە کوێ دەگات. 
 
وادەی یاسایی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە رۆژی 23-12-2019 بەسەرچوو؛ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەبێ لە پەرلەمانی کوردستانەوە کارا بکرێتەوە، پارتی و یەکێتی و زۆرینەی لایەنەکانی دیکە پێشتر رێککەوتن کە کۆمیسیۆن بە هەمان پێکهاتەوە نوێبکرێتەوە و بەو مەرجەی لایەنەکان ئازادبن لە گۆڕانکاری لە نوێنەرەکانیان.
 
پێکهاتەی کۆمیسیۆنی باڵای ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان کە 9 ئەندامە بەمشێوەیە دابەشی سەر لایەنە سیاسییەکان بووە؛ سێ ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ دوو ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ دوو ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش یەکی ئەندامێکیان هەیە؛ هەروەها حیزبی شیوعیی کوردستان، ئاراستەی سێیەم، حیزبی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە پێکهاتەکانی دیکەی کۆمیسیۆنەکەدا پشکیان هەیە؛ بەڵام هیچ ئەندامێکی نەوەی نوێی تێدا نییە و بەرپرسانی کۆمیسیۆنەکەش هۆکارەکە دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کاتێک کۆمیسیۆن دروستکراوە جووڵانەوەی نەوەی نوێ نەبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.