رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە هەفتەی رابردوو، هەر ئاژەڵێکی زیندوو کیلۆی زیاتر لە 1000 دینار بەرزبووەتەوە. لایەنی پەیوەندیداریش دەڵێن، هۆکاری بەرزبوونەوەکە جەژنی قوربانە.
هەفتەی رابردوو کیلۆی بەرخی زیندوو بە 7000 دینار بۆ 7400 دینار بوو، ئەمڕۆ گەیشتووەتە 8500 دینار.
غوفران محەممەد، کە کاری کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ دەکات، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی گوێرەکەی نێریش بەرزبووەتەوە، هەفتەی پێشوو بە زیندوویی کیلۆی 6500 دینار بوو، ئێستا گەیشتووەتە 7250 دینار."
ئەو کاسبکارەی مەیدانی ئاژەڵان ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان جەژنی قوربان و قوربانیکردنن.
غوفران محەممەد دەڵێت، "تاوەکو زیاتر نزیکی جەژنی قوربان ببینەوە، نرخ زیاتر بەرز دەبێتەوە، بەتایبەت ئەو ئاژەڵانەی بۆ قوربانی دەبن."
جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "گۆڕانکاری لە نرخ بەهۆی خواست و خستنەڕوو روودەدات، ئێستاش بەرەو جەژنی قوربان دەچین و خواست لەسەری زیاتر دەبێت."
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی گوتیشی، دەکرێت هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخ تووندکردنەوەی سنوورەکان بێت، بەهۆی هەبوونی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونەوە.
هەر ئەمڕۆ ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گۆڕانی نرخەکان پەیوەندیی بە خواستەوەیە، بەتایبەت کە بەرەو جەژنی قوربان دەچین، بازاڕیش ئازاد کراوە و کێبڕکێ لەنێوان بازرگاناندا هەیە."
ساڵی رابردوو 16ی حوزەیران یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بوو. بەگوێرەی ناوەندی فەلەکناسیی نێودەوڵەتی، پێشبینی دەکرێت 6ی مانگی داهاتوو یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بێت.
ساڵانە لە جەژنی قورباندا کە هاوکاتە لەگەڵ قوربانیکردن، حاجییان و هاونیشتمانییان لە هەرێمی کوردستان هەزاران سەر ئاژەڵ دەکەنە قوربانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ