رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی خوێنبایی (دیە - ئاشتەوایی)ـی پارێزگای لوڕستان دەڵێت، بە بۆنەی هاتنی جەژنی غەدیر 40 بەندکراو لە زیندانەکانی ئەو پارێزگایە ئازاد کران.
تەوەکوول شاکەرەمی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی خوێنبایی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ ئازادکردنی ئەو 40 بەندکراوە، دوو ملیار و 800 ملیۆن تمەن (نزیکەی 50 هەزار دۆلار) لەلایەن دەستەکەیانەوە وەکو هاوکاریی بێبەرامبەر دراوە، بەشێکیش لە خوێنباییەکە لەلایەن خێرخوازانەوە دابین کراوە.
شاکەرەمی گوتی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە هاوکاریی خێرخوازان، 106 بەندکراو لە زیندانەکانی لوڕستان ئازاد کراون کە سزاکەیان بەهۆی ''تاوانی بەئەنقەست''ـەوە نەبووە و گەڕێندراونەتەوە نێو خێزانەکانیان.
ئازادکردنی 40 بەندکراوەکە بەبۆنەی جەژنی غەدیری شیعەکان بووە و جیا لەوەش، رۆژی دووشەممە 17ـی حوزەیرانی 2024، ناوەندی راگەیاندنی نووسینگەی رێبەری ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە بڕیاری لێبووردنی گشتی و کەمکردنەوەی سزای بۆ 2654 زیندانی دەرکردووە.
جەژنی غەدیر، بە یەکێک لە گەورەترین جەژنەکان لەلای شیعەکان هەژمار دەکرێت، دەڵێن لە رۆژی 18ـی مانگی زیلحیجەی ساڵی 10ـی کۆچی، محەممەد پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) بە فەرمانی خوا، عەلیی کوڕی ئەبو تاڵیبی بەجێنشینی خۆی و ئیمامی موسڵمانان داناوە، ئەو گوتارەشی لە شوێنێک بڵاوکردەوە بەناوی غەدیرخەم کە دەکەوێتە نێوان مەککە و مەدینە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ