رووداو دیجیتاڵ
کێشە لە سیستمی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت دروستبووە، لەسەروو هەموویانەوە خاوبوونەوەى سیستمەکە و کەمبوونەوەى ژمارەى مامەڵە رایبووەکانى خەڵک و بارگرانى بۆیان لە رووى کات و تێچووەوە.
رووداو لە بەڕێوەبەرى پاسپۆتى سلێمانی پرسى هۆکارى خاوبوونەوەى سیستمەکەتان چییە؟
سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەرى پاسپۆرتى سلێمانیش بەمجۆرە وەڵامی دایەوە: "کێشەى خاوبوونەوەکە پەیوەندى بە کەمى کارمەند و زۆرى ئامێرەکانەوە هەیە، هەموو ئامێرەکان بەیەکەوە کاردەکەن، ئەگەر یەک دانە لەکار بکەوێت ئەوانی دیکە دەوەستن. دواتر تاوەکو ئێستا ئامێر و پارچەى یەدەگمان بۆ نەهاتووە."
پێشتر رۆژانە تەنیا لە سلێمانى بە 25 ئەفسەر، 1500 پاسپۆرت مامەڵەکانى تەواو دەکرا، ئێستا ژمارەکان کەمبوونەتەوە بۆ 7 ئەفسەر و 250 پاسپۆرت. نرخەکەش لە 25 بۆ 40 هەزارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 90 تاوەکو 110 هەزار دینار. لەبەردەم مایکى رووداودا، یەکێک دەستخۆشى و یەکێکیش گلەیى هەبوو.
حیکمەت محەممەد، هاونیشتمانییەکە و دەڵێت: "خۆم چوومە نێو سیستمەکە، رۆژ و بەروارەکەم تۆمارکرد و ئەمڕۆ هاتم بۆ مامەڵەکە."
بەهزاد عومەر، کاسبکارێکە و گوتی: "مامەڵە رایکردنەکە زۆرى پێدەچێت، تەنیا نۆرەگرتنی سیستمەکە سێ کاژێرى ویست."
سۆنیا رزگار، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و دەڵێت: "هەموو بەش و ژوورەکانمان تەواو کردوون، ئێستا تەنیا ئەوە ماوە کە کۆدى ئاسایشیان لێ داواکردووین."
هانا دارا، قوتابییەکە و گوتی: "ئەمڕۆ هاتم بۆ وەرگرتنەوەى پاسپۆرتەکەم، گوتیان مامەڵەکەت هەڵەى تێدایە و چاکی بکە."
دارا رەزا، هاونیشتمانییەکە و دەڵێت: "یەکشەممەى پێشوو مامەڵەمان کرد، ئەمڕۆ هاتینەوە بۆ وەرگرتنەوەی، دوو پاسپۆرت
بوون دانەیەکیان تەواو نەکراوە، دەبێت بچینە لاى بەڕێوەبەر."
ئەو سیستمە نوێیە بە شێوەى ئەزموونى لە سلێمانى، هەولێر، بەغدا و بەسرە کارى پێدەکرێت؛ عێراق دەفتەرى پاسپۆرتەکەى لە ئەڵمانیا کڕیوەتەوە و کۆمپانیایەکى فەرەنسیش سیستمەکەى پێ فرۆشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ