نرخی ئەمپێرێک موەلیدە لە هەولێر لەنێوان 15 بۆ 21 هەزار دینار دەبێت

27-08-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، لەم مانگەدا لە زۆرینەی شارەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 10 کاژێر کارەبای موەلیدە دراوەتە هاونیشتمانییان. بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەڵێت، پێشبینی دەکەن لە هەندێک شوێنی هەولێر نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە بگاتە 21 هەزار دینار. لە شارەکانی دیکە بەهۆی کۆنەکردنەوەی کاژێرەکانی کارەبای موەلیدەوە جارێ نرخی ئەمپێر بە نزیککراوەییش بێت، دیار نییە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم مانگەدا رۆژانە لە هەولێر تێكڕا نزیکەی 14 کاژێر کارەبای موەلیدە دراوەتە هاوبەشان و لە هەندێک شوێن زیاتریش دراوە.
 
لەبارەی نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە بۆ مانگی ئاب، ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی ئابی 2023، ئەندازیار قارەمان مەولوود، بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی ناوچەکان جیاوازی لە نرخدا دەبێت؛ بەپێی پێدانی کاژێرەکانی کارەبا، پێشبینی دەکەین نرخی ئەمپێر لە 15 هەزار دینارەوە دەستپێبکات بۆ 21 هەزار دینار".
 
لە سلێمانی لە مانگی ئابدا موەلیدەکان تێکڕا نزیکەی 12 کاژێر کاریان کردووە. تاریق سەمین، سەرۆكی كۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو کۆتایی مانگ و کۆکردنەوەی کاژێرەکانی کارەبای موەلیدە و وەرگرتنی نرخی گازوایل ناتوانن پێشبنینیی نرخی ئەمپێر بکەن.
 
لە دهۆک دۆخی کارەبای نیشتمانی باشتر بووە لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان. هەکار هرووری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سەرەتای ئابەوە تێكڕا رۆژانە 11 کاژێر کارەبای موەلیدە دراوەتە هاونیشتمانییان، بەڵام جارێ نازانن نرخی ئەمپێر چەند دەبێت.  
 
زوهرە یوسف، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە قایمقامییەتی هەڵەبجە ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێدانی کاژێرەکانی موەلیدە لە مانگی ئابدا جیاواز بووە؛ رۆژ هەبووە 12 بۆ 14 کاژێر کارەبای نیشتمانی نەبووە و موەلیدە کاری کردووە. گوتیشی، "بەهۆی کۆنەکردنەوەی کاژێرەکانی موەلیدەوە ناتوانین پێشبینی نرخی ئەمپێر بکەین تاوەکو کۆتایی مانگ".
 
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، بەرهەمهێنانی کارەبا لەم وەرزەدا سێ هەزار و 200 مێگاواتە، لەکاتێکدا خواست دەگاتە 5 هەزار و 500 مێگاوات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.