رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی ساڵێک و یەک مانگدا، زیاتر لە 20 هەزار منداڵ لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژمارەی مردن لە هەمان ماوەدا کەمتر لە نیوەی ئەو ژمارەیەیە.
عەلی جۆکار، بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی پارێزگای سنە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، ئاشکرای کرد، لە 21ی تەمموزی 2024 تاوەکو 21ی ئابی 2025، واتە لە ماوەی 13 مانگدا، 20 هەزار و 272 منداڵ لە پارێزگاکە تۆمارکراون. لەو ژمارەیە، 10 هەزار و 551 منداڵ کوڕ و 9 هەزار و 721 منداڵیش کچ بوون.
بەڕێوەبەرەکەی تۆماری باری کەسیی سنە ئاماژەی بەوەشکرد، لە نێو لەدایکبوواندا، 367 دووانە، 19 سێیانە و یەک حاڵەتی چوار منداڵییش هەبووە.
لەبارەی ئاماری مردنەوە، جۆکار ڕایگەیاند، لە هەمان ماوەدا 9 هەزار و 322 مردن لە پارێزگای سنە تۆمار کراوە، کە 5 هەزار و 221 کەسیان پیاو و 4 هەزار و 99 کەسیشیان ژن بوون.
هەروەها سەبارەت بە ژیانی هاوسەرێتی، بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی سنە باسی لەوە کرد، 13 هەزار و 885 هاوژینی تۆمار کراون و لە بەرامبەریشدا 6 هەزار و 400 جیابوونەوە ڕوویانداوە.
جۆکار ئەوەشی خستەڕوو، کە باوترین ناوەکان بۆ کوڕان "محەممەد، شاهان، ئایهان، میران و نۆیان" بوون، بۆ کچانیش "ماهلین، دڵڤین، ئانیا، نوورا و لەنا" زۆرترین ناویان لێنراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ