رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لیژنەیەکی پەرلەمانی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لە سووتانی دار سنەوبەرەکانی سلێمانی سەردانی شارەکەی کرد و لەگەڵ پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگا و 10 فەرمانگەی پەیوەندیدار کۆبووەوە.
جەلال محەممەد ئەمین، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی لیژنەیەکمان بۆ لێکۆڵینەوە لە سنەوبەرەکانی سلێمانی پێکهێنا ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ د.هەڤاڵ ئەبوبەکر و 10 فەرمانگەی پەیوەندیدار کۆبووینەوە بۆ تاوتوێکردنی سووتانی دار سنەوبەرەکانی رێگەی سلێمانی - تاسڵوجە، هاوکات لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش لەسەر هەمان پرس کۆبووینەوە.
جەلال محەممەد ئەمین دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکاندا جگە لە هۆکاری سووتانی دار سنەوبەرەکان تاوتوێی میکانیزمەکانی سەوزکردنەوەی ئەو ناوچانەشمان کردووە کە سووتاون، پارێزگاری سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بەڵێنی ئەوەیان داوە کار بکەن بۆ دووبارە ژیاندنەوەی ئەو رووبەرانەی لە شارەکە سووتاون.
جەلال محەممەد ئەمین ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکەیان راپۆرتێکی لەبارەی سووتانی سنەوبەرەکان گەڵاڵە کردووە و دوای گەڕانەوەیان بۆ هەولێر لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی کوردستان ناوەڕۆکەکەی دەخاتەڕوو، دەشڵێت. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکمان نەگەیشتووین بە راستی رووداوی سووتانی دار سنەوبەرەکان کە ئاخۆ سووتانێکی سرووشتی بووە یاخود بە ئەنقەست سووتێندراوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت، هۆکاری بەشێک لە ئاگرکەوتنەوەکان کەمیی پێداویستیی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانە کە لە راپۆرتەکەدا باسیانکردووە و دوای ئەوەی دەچێتەوە پەرلەمان راپۆرتەکە دەدرێت بە ئەنجوومەنی وەزیرانیش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ