رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی سەردانی ئەو جووتیارەی دهۆکی کرد کە لەلای سەرۆک بارزانی گلەیی ساخنەبوونەوەی ترێکەی کرد و گوتی، بە سەرۆکوەزیران بڵێ "چارەسەری دۆخەکەمان بکات". ئەو جووتیارە دەڵێت، گلەیی سەرجەم جووتیارانی دهۆکی بە سەرۆکی حکومەت گەیاندووە.
لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ شاری دهۆک، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 27-09-2022 چووە ماڵی ئەو جووتیارەی دهۆک کە لە فیستیڤاڵی ترێی دهۆک گلەیی ساخنەبوونەوەی بەرهەمی ترێکەی کرد و بە سەرۆک بارزانی گوت، بە مەسرور بارزانی بڵێ با چارەسەرێک لە دۆخەکەیان بکات، چونکە بەرهەمەکانیان ساخ نابێتەوە.
محەممەد سەلیم، جووتیار بە رووداوی گوت، "سەردانەکەی لەناکاو بوو، سەرۆکی حکومەت بە پێکەنینەوە هاتە لام و گوتی: تۆ بووی لای باوکم گلەییت لەمن کردبوو؟، ئەوە هاتمە لات. گلەیی سەرجەم جووتیارانی دهۆکم گەیاندە سەرۆکی حکومەت و ئەویش بە سنگێکی فراوانەوە گوێی لە قسەکانم گرت."

ئەو جووتیارە لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت بۆ لای زیاتر قسەیکرد و گوتیشی، مەسرور بارزانی بەڵێنی دا کە ساڵی داهاتوو کێشەی بەبازاڕکردنی ترێ و بەرهەمەکانی دیکەی جووتیاران چارەسەردەکرێت و رێگەنادەن لەکاتی هەبوونی بەرهەمی خۆماڵیدا، بەرهەمی دەرەوە هەناردەبکرێت.
رۆژی 25ی ئەم مانگە و لەمیانی کردنەوەی 15مین فیستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە دهۆک کە سەرۆک بارزانی بەشداری تێدا کرد، جووتیارێک گلەیی ساخنەبوونەوەی بەرهەمەکانی کرد و بە سەرۆک بارزانی گوت: بە کوڕەکەت (مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان) بڵێ کە ئاگای لە دۆخی جووتیاران بێت، چونکە بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکان ساخ نابێتەوە. دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیەش، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی چووە ماڵی ئەو جووتیارە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ