چەند بەرپرسێکی یەکێتی: کۆنگرە نییە کێشەی تێدا نەبێت

27-09-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆنگرەی یەکێتی لە شاری سلێمانی دەستی بە کارەکانی کرد. بەشێک لە بەرپرسانی ئەو حیزبە وێڕای هیواخواستن بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە، ئاماژە بەوە دەکەن، "کۆنگرە نییە کێشەی تێدا نەبێت."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئەیلوولی 2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەشداریی 600 ئەندام دەستیپێکرد. قادر عەزیز، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆنگرەکە زۆر گرنگە، چونکە لە پێش وادەی خۆیدا دەبەسترێت، بەتایبەت بۆ یەکێتی کە هەمیشە کۆنگرەکانی لە رابردوودا دواکەوتوون."
 
قادر عەزیز ئاماژەی بەوەش کرد، کۆنگرەکە بۆ حیزبەکەیان پێویستە، چونکە یەکێتی حیزبێکی "گرنگە" لە عێراق و ناوچەکەدا. گوتیشی، "کۆنگرەکە هەنگاوێکی گەورە یەکێتی دەباتە پێشەوە، بەڵام مانای ئەوە نییە بێ کێشەش بێت؛ هیچ کۆنگرەیەک نییە کێشەی تێدا نەبێت و ناڕەزایی بەرامبەری نەبێت."
 
 
محەممەد حەمە سەعید، ئەندامی سەرکردایەتیی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کۆنگرەی پێنج کۆنگرەی رێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی یەکێتییە، "هیچ کۆنگرەیەک نییە لە جیهاندا بێ کێشە بێت؛ کێشە هەیە و ئەوانەش هەوڵی چارەسەرکردنیان دراوە."
 
 
هەروەها عومەر شێخمووس، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەكێتی لەپێش هۆڵی کۆنگرەدا بە ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداوی گوت، "هەوڵ دەدەین ئاشتەوایی لەنێوان هەموو هێزەکاندا دروست ببێت و وەکو پێشتر هەرێمی کوردستان بەهێز بێت."
 
شێخمووس گوتیشی، بەستنی کۆنگرە زەوینە خۆش دەکات بۆ رێکخستنی نێوخۆی حیزبەکە و رێکخستنی پەیوەندیی نێوان هەموو حیزبەکان.
 
هەر لەبارەی کۆنگرەی یەکێتییەوە، بێستوون سابووراوی، ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، هیودارن کۆنگرە بکەنە هۆکارێک بۆئەوەی "بتوانین گەلەکەمان بەرەو پێشەوە ببەین و لە تەنگانە رزگاری بکەین."
 
فەهمی بوورهان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەوەی خستەڕوو، ئومێد دەکەن یەكێتی دوای کۆنگرە ببێتە ئەو هێزەی داکۆکیی "راستەقینە" لە کوردانی ناوچە دابڕاوەکان بکات، بەتایبەت کوردانی سنووری کەرکووک و خانەقین.
 
هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دۆخی سیاسیی ناوچەکە کرد و گوتی، لە کۆنگرەکەدا باسی هەموو دۆخی ناوچەکە دەکرێت و تاوتوێی دەکەن.
 
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 01-06-1975 دامەزراوە و ئەندامی رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵە:
 
- لە حوزەیرانی 1975 بەیاننامەی دامەزراندنی یەکێتی لە دیمەشق راگەیێندرا. 
- لە ساڵی 1992 یەکەمین کۆنگرەی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بەست و 793 ئەندام بەشداربوون.
- لە ساڵی 2001 دووەمین کۆنگرەی بە بەشداریی 1247 ئەندام لە سلێمانی بەست. 
- لە ساڵی 2010 بە بەشداریی زیاتر لە 1500 ئەندام، کۆنگرەی سێیەمی بەست. 
- لە ساڵی 2019 بە بەشداریی زیاتر لە 1000 ئەندام کۆنگرەی چوارەمی بەست و بۆ یەکەمجار سیستمی هاوسەرۆکیی پەسندکرد.
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێنج پیلنیۆمی بەستووە:
 
- ساڵی 1990 لە قاسمەڕەش یەکەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 1995 لە هەولێر دووەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 2007 لە قەڵاچوالان سێیەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 2009 لە سلێمانی، چوارەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 2013 لە سلێمانی، پێنجەمین پلنیۆمی بەست
 
جگە لە کۆنگرە و پیلینۆمەکان یەکێتی لە تەمەنیدا دوو کۆنفرانسیشی سازکردووە:
 
- لە 31-8 تاوەکو 12-9-1977 لە برادۆست.
- 2-18ـی ئاداری 1980 لە ناوزەنگ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە