خوێندنى باڵا رێنماییەکانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا رادەگەیێنێت

27-10-2019
فەلاح نەجم
A+ A-


رووداو-هەولێر

بەمەبەستی رێگری لە چوونە دەرەوەی سامانی مرۆیی و رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ خوێندکاران، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمی کوردستان رێنماییەکانى تایبەت بە ماستەر و دکتۆرای بۆ ‏ساڵى خوێندنى 2019 - 2020 دەرکرد‎.‎
 
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی ‏کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە  د. ئارام ‏محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەقى رێنماییەکانى تایبەت بە ماستەر و ‏دکتۆرای بۆ ساڵى خوێندنى 2019 - 2020 واژۆکرد، لەو چوارچێوەیەدا رێنمایی ژمارە ‏‏پێنج دەرچووە کە تایبەتە بەخوێندنى باڵا/ ماستەر لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و وەرگرتنى ‏خوازیاران بەپێى ئەو رێنماییە دەبێت‎.‎
 
 
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ‏باسی لەوەشکرد، بەهەمان شێوەش ‏رێنمایى ژمارە شەش دەرچووە، تایبەتە بەخوێندنى باڵا/ دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ‏و وەرگرتنى خوازیاران بەپێى ئەو رێنماییانە دەبێت‎.‎
 
 
لە رێنماییەکانی ئەمساڵدا چەند گۆڕانکارییەک کراون، لەو بارەیەوە د. ئارام محەممەد قادر رایگەیاند، "لە رێنماییەکانى ئەمساڵى خوێندنى ماستەر و دکتۆرادا گۆڕانکارى بنەڕەتى لە ‏مەرجەکانى پێشکەشکردن، توانستى زمان، تەمەن، پلان و کورسى خوێندن كراوه‌، ‏بەشێوەیەک هه‌وڵمانداوه‌ دەرفەتی زیاترى خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان له‌ناوخۆی ‏وڵات بڕەخسێنین بۆئەوەی بتوانن کاتەکانیان بەکاربهێنن بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ‏ئەکادیمییان".‏
 
بە گوتەی وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دەیانەوێت دەرفەتی زیاتری ‏خوێندنی باڵا بۆ دەرچووانی زانکۆکان بڕەخسێنین بۆئەوەی پلانەکانیان رێگربن لە ‏چوونە دەرەوەى سامانى نیشتیمانى ئەم وڵاتەکە، بەڕەخساندنى دەرفەتى خوێندنى باڵاى ماستەر و ‏دکتۆرا، زۆرترین دەرفەت بۆ خوازیاران لەڕێگەى پلانەکانى ماستەرو دکتۆرا دەستەبەردەکەین، بەمشێوەیەش هەموومان پێکەوە دەتوانین کار بۆ بونیادنانی ئابوورییەکی سەقامگیر و ‏گەشەکردوو بۆ هەرێمەکەمان بکەین‎.‎
 
بڕیاریشە لە ئایندەییەکى نزیکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا بەنوسراوى فەرمى داواى پلان لە ‏زانکۆکان بکات، دواى ناردنى پلانەکان و پەسەندکردنیان، وه‌زاره‌ت ماوەى پێشکەشکردن و ‏كاتی تاقیکردنەوەى توانستى زانستى و راگەیاندنى ئەنجامەکان و دەستپێکردنى خوێندنى ‏ئەکادیمى رادەگەیەنێت.‏

 

راگەیاندنی مەرجەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لەکاتێکدایە ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دامەزراندنی سێ یەکەمەکەی رایگەیاند "بەم نزیکانە لەلایەن زانکۆکانتانەوە ئاگاداردەکرێنەوە بۆ دەستکردن بە مامەڵەی رۆتینیی دامەزراندنتان".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە