لە کوڵەجۆ داعش هێرشی کردە سەر پێشمەرگە؛ بریندار هەیە

27-11-2021
هونەر حەمید
نیشانەکردن هێرشی داعش بۆ سەر پێشمەرگە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمشەو چەکدارانی داعش لە دوو لاوە هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە کوڵەجۆ.  وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، چوار پێشمەرگە برینداربوونە و "دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە."
 
شەڕەکە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەیە لە تەپی تەڵان لە سنووری کوڵەجۆ. عەقید بەختیار بێسەری، جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ھێزەکانمان لەناو سەنگەرەکان تووشی رووبەڕووبوونەوەی سەخت بوون و ھێزی پشتیوانیش بۆ ھاوکاری کردنیان چووە."
 
وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، "تیرۆریستانی داعش لە پەلامارێکی ترسنۆکانەدا، پەلاماری خاڵێکی پاسەوانی  هێزەکانی پێشمەرگەی لیوای 5ـی پیادەیان لە سنووری کوڵەجۆ دا. بەداخەوە، چوار پێشمەرگە برینداربوون، هێزەکانی پێشمەرگە، بە تووندی بەرپەرچی پەلامارەکەیان داوەتەوە و چەکداران و تیرۆریستانی داعش ـ یان واوناوە، ئێستا بارودۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە دایە."
 
هاوکات پەیامنێری رووداو لە گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، لەکاتی بەهاناوەچوونی هێزەکانی پێشمەرگە، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکابی ھێزەکانی لیوای پێنجی پێشمەرگە تەقیوەتەوە. بەھۆی بوونی نیشانشکێن ھێزەکانی پێشمەرگە ناتوانن بچن بە ھانای پێشمەرگەکانی نێو ئەو ئۆتۆمبێلەوە.
 
موقەدەم مەریوان ئازاد، فەرماندە لە لیوای پێنجی پیادە بە رووداوی راگەیاند، "کاژێر 10:15 خولەک داعش هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، چوار پێشمەرگە بریندارن و مینێکی چێندراو بە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانماندا تەقیوەتەوە و تاوەکو ئێستا شەڕ بەردەوامە."
 
رزگار محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هەژار بە رووداوی راگەیاند، "دوو پێشمەرگەی برینداریان هێناوەتە نەخۆشخانە و برینەکەیان سووکە. ئەوەشیان پێگوتووین کە برینداری دیکەش دەهێنن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە