میدیای فەرمیی تورکیا: میت بەرپرسی کۆبانێی یەپەگەی کردە ئامانج

27-11-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

میدیای فەرمیی تورکیا دەڵێت، تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا - میت، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەرپرسێکی یەپەگەی لە رۆژئاوای کوردستان کردووەتە ئامانج. یەپەگە گیانلەدەستدانی ئەو بەرپرسەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای فەرمیی تورکیا، موتڵو کاجار کە ناوە نهێنییەکەی کارکەر ئەندۆک و لەدایکبووی باکووری کوردستان و فەرماندەی شەڕڤانانی یەپەگە بووە لە کۆبانێ و ناوی لە لیستی داواکراوانی تورکیادا هەبووە، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کۆبانێ کراوەتە ئامانج.
 
هەرچەندە میت ئاماژەی بە رۆژی ئۆپەراسیۆنەکە نەکردووە، بەڵام میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2023، بەئامانجکردنی کارکەر ئەندۆکی بڵاوکردەوە؛ ئاماژەی بەوەشکردووە، موتڵو کاجار فەرماندەی شەڕڤانان بووە لە کۆبانێ.
 
وەک میدیای تورکیا دەڵێت، موتڵو کاجار لە ساڵی 2003 چووە نێو پەکەکە و لە ئەکادیمیای هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە و کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە لە قەندیل، خولی راهێنانی بینیبوو.
 
بە گوێرەی میدیای فەرمیی تورکیا، کاجار پێشتر فەرماندەی یەپەگە بووە لە ناوچەی تەلرەفعەت و دواتر ئەرکی فەرماندەییکردنی شەڕڤانانی لە ناوچەی دێرک لە رۆژئاوای کوردستان پێ سپێردراوە. 
 
وەک میدیای تورکیا دەڵێت، پار، تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی - میت، 69 ئۆپەراسیۆنیان لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان کردووە و لە ئەنجامدا 82 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 23 کەسیان بەرپرسی باڵا بوون. 
 
هەسەدە و یەپەگەش هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی بەئامانجکردنی کارکەر ئەندۆکەوە نەداوە. 
 
بەگوێرەی دوایین راگەیێندراوی ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی - هەسەدە، رۆژی 16ـی تشرینی دووەمی 2023، درۆنێکی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی شەڕڤانانی هەسەدە لە گوندی بوغاز لە باشووری کۆبانێ کردە ئامانج و بەهۆیەوە شەڕڤانێک گیانی لەدەستدا و دوو شەڕڤانی دیکەش برینداربوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.