رووداو دیجیتاڵ
سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئامەد، لە رۆژانی 7 تاوەکو 14ی کانوونی یەکەمی 2025 بەڕێوەدەچێت و تێیدا 84 فیلم نمایش دەکرێن.
فێستیڤاڵەکە، لەلایەن گەورەشارەوانیی ئامەد و بەڕێوەبەرایەتیی ئەکادیمیای سینەمای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دروشمی "دنیا بە چیرۆک پێکدەگات" بەڕێوەدەچێت.
لە فێستیڤاڵەکەدا، جگە لە نمایشی فیلمەکان، چەندین چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن، لەوانە؛ ماستەرکلاس، وۆرکشۆپ و دیدار لەگەڵ دەرهێنەران و ستافی فیلمەکان.
لە فێستیڤاڵەکەدا، فیلمەکان لە دوو بەشی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا نمایش دەکرێن. هەروەها بۆ پشتگیریکردنی سیناریۆی فیلمی کوردی، 15 سیناریۆی فیلم کێبڕکێ لەسەر "سندوقی پڕۆژەی سەنەبیر" دەکەن.
لە بەشی "گەشتی سینەمای کوردی"دا، ئەو فیلمانە بەشدارن کە لە ماوەی 8 ساڵی رابردوودا بەرهەم هێنراون و لە جۆرەکانی فیلمی درێژ، بەڵگەفیلم و کورتەفیلم پێکهاتوون. هەروەها ئەو فیلمانەش نمایش دەکرێن کە پێشتر لە فێستیڤاڵەکانی دیکەدا بەشدار بوون.
لە بەشی نیشتمانیی فێستیڤاڵەکەدا، 16 فیلمی درێژ، 7 بەڵگەفیلم و 13 کورتەفیلم کێبڕکێ دەکەن.
بەشێکی دیکەی گرنگی فێستیڤاڵەکە تایبەتە بە فیلمە بیانییەکان. لەم بەشەدا، بەرهەمە سەرکەوتووەکانی ئەم دواییەی سینەمای تورکیا و جیهان نمایش دەکرێن.
لە بەشی نێودەوڵەتیدا، 10 فیلمی درێژ، 11 بەڵگەفیلم و 14 کورتەفیلم نمایش دەکرێن. هەروەها لەم بەشەدا، دەرهێنەر کازم ئۆز ماستەرکلاسێک لەبارەی "دەرهێنەری لە سینەمادا" و دەرهێنەر توورەج ئەسلانی ماستەرکلاسێک بەناونیشانی "جیاوازیی نێوان سەیرکردن و بینین" پێشکێش دەکەن.
بۆ گەشەپێدانی سینەمای کوردی و هاندانی نووسینی سیناریۆ، 15 پڕۆژەی سیناریۆ کێبڕکێ دەکەن کە پێکهاتوون لە 5 فیلمی درێژ، 5 بەڵگەفیلم و 5 کورتەفیلم. لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا، لە هەر بەشێک پڕۆژەیەک خەڵات دەکرێت.
فێستیڤاڵەکە، بە پێشانگەیەکی شێوەکاری بەناوی "لە رێ" دەستپێدەکات کە تێیدا بەرهەمی چەندین هونەرمەندی دیار لەبارەی ژیان و فیلمی "رێ"ی دەرهێنەری کورد، یڵماز گونەی نمایش دەکرێن.
فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵەکە، بەڵگەفیلمی "کارداش تورکولەر" دەبێت کە لە دەرهێنانی چایان دەمیرێل و ئایشە چەتینباشە.
لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا، سێ وۆرکشۆپ بەڕێوەدەچن:
یەکەم: ئارین ئینان ئارسلان (دەرهێنەر)/ سینەمای کوردی: کامێرای بێناوەندی جوگرافیایەکی پەرتەوازە.
دووەم: هولیا ئوغور تانریئۆڤەر/ گێڕانەوەی چیرۆکەکانمان بە زمانی خۆمان: سینەمای ژنان.
سێیەم: ئایشە چەتینباش/ بەرهەمهێنانی سەربەخۆی بەڵگەفیلم.
هەروەها پانێڵێک بەناونیشانی "فانۆن 100 ساڵە" بەڕێوەدەچێت کە تێیدا ئەڤریم کایا وەک بەڕێوەبەر و دلاوەر زەراق، هاکان کاراش و ئەزگی دومان وەک قسەکەر بەشدار دەبن.
فیلمەکان، لە هۆڵەکانی ناوەندی کۆنگرەی چاند ئامەد، شانۆی شاری ئامەد و هۆڵەکانی سینەمای جەیلان ئەی ڤی ئێم نمایش دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ