رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان "بە تووندی" سەرکۆنەی هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن دەکات کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی وڵاتەکە.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن دەکەم و سەرەخۆشی لە خێزانی سەربازە کوژراوەکان دەکەم."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "لەم کاتە سەختەدا لەگەڵ گەلی ئەمریکا دەوەستینەوە. هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەکەین."
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2024، سوپای ئەمریکا ئاشکرایکرد کە شەوی پێشتر هێرشێکی درۆنی کراوەتە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن کە بە تاوەر 22 دەناسرێت. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، 3 سەربازی ئەمریکی کوژراون و 34ی دیکە برینداربوون.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "قوربانیدانی گەورەی ئەو سێ سەربازە لەلایەن گەلەکەمانەوە لەبیر ناکرێت؛ هەوڵدەدەین لە ئاست رێز و شانازی کەسوکاریاندا بین. لە پابەندییەکانیشیان بۆ شەڕی دژی تیرۆر بەردەوام دەبین". جۆ بایدن پەیامێکی هەڕەشەئامێزیش دەنێرێت و دەڵێت، "هەموو ئەوانەی دەستیان لەو هێرشەدا هەبووە لە کات و شوێنێک کە خۆمان هەڵیدەبژێرین، سزایان دەدەین"
جۆ بایدن گوتی کە دەزانن "هێرشەکە لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە کراوە"؛ ئەوەش کاردانەوەی تووندی لەنێوخۆی ئەمریکا بەدوای خۆیدا هێنا و بەشێکی کۆمارییەکان داوایان لە بایدن کرد هێرش بکاتە سەر ئێران.
ئەنجامدانی ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، لە 17-10-2023ـەوە زیاتر لە 158 جار هێرشکراوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا.
گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، دەڵێن، هێرشەکانیان وەڵامی پاڵپشتیی ئەمریکایە بۆ ئیسرائیل لە جەنگی غەززەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ