کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی، کاردانەوەی تووندی کۆمارییەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت

29-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی یەکشەممە، 28-1-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئەمریکا دڵگرانە. دوێنێ شەو لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن لە نزیک سنووری سووریا سێ سەربازی ئەمریکی لە هێرشێکی درۆنییدا کوژران و 25ـی دیکەش برینداربوون".
 
جۆ بایدن گوتیشی، "ئەو هێرشە لەلایەن ئەو گرووپە رادیکاڵانەوە کراوە ئێران پاڵپشتییان دەکات و سزایان دەدەین."
 
ئەمە یەکەمجارە لە دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە لە 7-10-2023، سەربازی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەنجامی هێرشی درۆنی یان مووشەکی دەکوژرێت.
 
کاردانەوەی کۆمارییەکان
 
بەرپرسانی کۆمارییەکانی ئەمریکا ئەو هەلەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر بایدن. یەکێک لە سیناتۆرەکانی سەر بەو پارتە بە بایدنی گوت، "ترسنۆک" و یەکێکی دیکە پێی گوت "تاران بکە ئامانج" و سیناتۆرێکی دیکەش دەڵێت، "لە ئێران بدە، تووند لێی بدە".
 
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە و لە حیزبە سوورەکەی ئەمریکایە و دەڵێت، "ئەمریکا دەبێت پەیامێکی زۆر روون بداتە هەموو جیهان کە هێرشکردنە سەر هێزەکانمان چاوپۆشی لێناکرێت."
 
تۆم کەتن، سیناتۆری کۆماریی ویلایەتی ئەرکانساس لە ئێکس بڵاویکردەوە، "جۆ بایدن چەندین ساڵە چاوپۆشی لە هێرشەکانی سەر سەربازەکانمان کردووە و بەم جۆرە هانی ئێرانی داوە. بە ملیاران دۆلار بەرتیلی داوەتە ئایەتوڵڵایەکان و بێسنوور دڵخۆشیانی کردووە."
 
سیناتۆرە کۆمارییەکە داوای وەڵامدانەوە دەکات و دەڵێت، "پێشبینیی ئەوەم کردبوو. دەبێت ئەمریکا وەڵامی وێرانکەری سەربازیی ئێران بداتەوە. هەرشتێکی کەمتر لەوە پشتڕاستی دەکاتەوە کە بایدن شیاوی پلەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان نییە و ترسنۆکە."
 
لیندزی گراهام، سیناتۆری ویلایەتی کارۆلاینای باشوور دەڵێت، کاتێک ئەمریکا دەڵێت مەکە، ئێرانییەکان دەیکەن.
 
ئەو سیناتۆرە هێرش دەکاتە سەر لۆید ئۆستنی وەزیری بەرگری و دەڵێت، "هەوڵەکانی وەزیر بۆ دوورخستنەوەی شەڕەنگێزی لە هێزەکانمان شکستی هێناوە و ئیدی هیچ متمانەیەکم بە تیمی ئاسایشی نیشتیمانیی بایدن نییە بۆ دوورخستنەوەی ئێران."
 
ئەو لە پەیامێکی دیکەی کورتی شەش وشەیی لە ئێکس دەڵێت، "لە ئێران بدەن، بەتووندی لێی بدەن."
 
جۆن کۆرنین، شارەزای یاسا و سیناتۆرێکی دیکەی کۆمارییە و لە کاردانەوەی کوژرانی ئەو سێ سەربازە دەڵێت، "تاران بکەنە ئامانج".
 
ریک سکۆت، سیناتۆری کۆماریی ویلایەتی فلۆریدا رەخنە لە ئیدارەکەی بایدن دەگرێت و دەڵێت، "ئەو هێرشانە بەهۆی ئەوەیە کە هێزی ئەمریکا لە ماوەی دەسەڵاتی بایدن لاواز بووە و تاران کە گەورەترین سپۆنسەری تیرۆریزمە هێزی ئەمریکا تاقی دەکاتەوە."
پاڵپشتیکردن لە ئیسرائیل
 
زۆرینەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراقەوە دەکرێت کە ئێران پاڵپشتییان دەکات و خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن. ئەمڕۆ یەکشەممە ئەو گرووپە رایگەیاند، بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئەمریکییەکان لە سێ شوێن لە سووریا کە دووانیان نزیکن لە سنووری عێراق.
 
رۆژی 7-10-2023 چەکدارانی حەماس هێرشیانکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئیسرائیل وەڵامی دایەوە و تا ئێستا (114 رۆژە) شەڕ بەردەوامە. ئەمریکا هەر زوو پاڵپشتیی خۆی بۆ ئیسرائیل راگەیاند و جۆ بایدن سەردانی تەلئەڤیڤی کرد و گوتی، لەرووی سەربازییەوە یارمەتییان دەدەن.
 
ئاگری جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل تەشەنەی سەند و بووە هۆی ئەوەی گۆمی چەندین وڵاتی ناوچەکە بشڵەقێت.
 
"موقاوەمە" لە عێراق؛ حیزبوڵڵا لە لوبنانەوە؛ حووسییەکان لە یەمەنەوە هەڕەشەیان لە ئیسرائیل و ئەمریکا کرد کە ئەوان پاڵپشتیی لە فەلەستین دەکەن و هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
 
رۆژی 17-10-2023 زنجیرەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر بنکە و سەربازانی ئەمریکی و تەنانەت هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشیش دەستی پێکرد و تا ئێستا هیچ کەسێک نازانێت کەی و چۆن کۆتاییان دێت.
 
یەکەم راگەیێندراوی فەرمیی ئەمریکا لە 18-10-2023 بوو کاتێک رایگەیاند، "لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا سوپای ئەمریکا سێ درۆنی لە نزیک هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە رۆژئاوا و باکووری عێراق تێکشکاندووە."
 
لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 158 هێرش کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا. 
 
هێرش بۆ سەر هەریر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر
 
هەرێمی کوردستان بەدەر نەبووە لە دووکەڵی ئاگرەکە. لە 18-10-2023، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشکراوەتە سەر بنکەی ئاسمانیی هەریر و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
 
دوای ماوەیەک بێدەنگی، لە 8-11-2023 دژە تیرۆری کوردستان پشتڕاستی کردەوە کە بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکراوەتە سەر هەریر و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. دواتر گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت. 
 
چەند کاژێرێک پێش کوژرانی ئەو سێ سەربازەی ئەمریکا، گرووپی ناسراو بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لە راگەیێندراوێکدا کە لە کەناڵی تەلەگرامی خۆی بڵاوی کردەوە، رایگەیاند، "لە درێژەی رێبازەکەمان لە بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی داگیرکاریی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە و لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، هێرشێکی درۆنیمان کردە سەر بنکەی هێزەکانی داگیرکەر لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر."
 
دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، ئەو هەواڵە دوورە لەراستییەوە و هیچ هێرشێک نەکراوە.
 
سێ رۆژ پێش ئەو راگەیێندراوە ئەو گرووپە بە درۆن هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و بێ هیچ زیانێک درۆنەکە خرایە خوارەوە.
ئەو هێرشە درۆنییە دوای کەمتر لە پێنج کاژێر لە راگەیاندنی گەیشتنە رێککەوتنی عێراق و ئەمریکا بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای سەربازی تایبەت بە گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ "هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵی" هات. 
 
هێرش بۆ سەر عێراق و سووریا
 
عەین ئەسەد، ئەو بنکە سەربازییەیە زۆرترین هێرشی کراوەتە سەر لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق. رۆژی 18-10-2023 یەکەم هێرشی سەر ئەو بنکەیە پشتڕاستکرایەوە و دوایین هێرشیش 24 کاژێر لەمەوبەر بوو.
 
رۆژی شەممە، 27-01-2024 "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" رایگەیاند، بە درۆن هێرشی کردووەتە هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی عەین ئەسەد.
 
رۆژئاوای کوردستان و سووریاش بێبەش نەبوون لە هێرشەکان. رۆژی 27-1-2024 "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لە دوو راگەیێندراودا لە کەناڵی تەلەگرامی خۆیدا بڵاوی کردەوە، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی "شەدادی، خەربەت عەدنان لە پارێزگای حەسەکە، تەنەف و روکبان لە پارێزگای حمسی سووریا، هەروەها هێرشێکیش بۆ سەر دامەزراوەی زفولونی دەریایی لە ئیسرائیل بووە."
 
هێرش و وەڵامی ئەمریکا
 
ئەمریکا چەند جارێک رایگەیاندووە کە دوودڵ نابن لە گرتنەبەری هەر رێوشوێنێک بۆ پاراستنی هاووڵاتی و سەربازەکانیان لە عێراق و سووریا.
 
دوایین وەڵامی ئەمریکا لە 24-1-2024 بوو کاتێک بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و لە تۆڵەی هێرشی سەر بنکەکەیان لە عەین ئەسەد، هێزەکانی ئەمریکا سێ بنکەیان بۆردوومان کرد.
 
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێرشانە وەڵامێکی راستەوخۆن بۆ زنجیرەیەک هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا لەلایەن ئەو هێزانەوە کە ئێران سپۆنسەریان دەکات.
 
ئەو هێرشەی کە ئۆستن مەبەستی بوو هێرشێکی 20 مووشەکی بوو بۆ سەر بنکەکەیان لە ئەنبار.
 
یەکێکی دیکە لە هێرشەکانی ئەمریکا لە بەغدا بوو کە بووە هۆی کوشتنی فەرماندەیەکی بزووتنەوەی نوجەبا کە سەر بە موقاوەمەی ئیسلامییە.
 
نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 04-01-2024 کاژێر 11:50 بە کاتی هەولێر، لە گەڕەکی فەلەستینی بەغدا دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بیسترا، دواتر بزووتنەوەی نوجەبا کوژرانی دوو فەرماندەی راگەیاند بە ناوەکانی ئەبو تەقوا و یاریدەدەرەکەی بەناوی ئەبو ئیمتیحان؛ ئەوەش جگە لە برینداربوونی حەوتی دیکە.

 

 
ئەو لیوایەی کرایە ئامانج، لیوای 12ـی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی بوو کە زیاتر لە هەزار چەکداری هەیە، لەلایەن ئەکرەم کەعبییەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەشێک لە هێزەکانیان لە سووریان.
 
دوای کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە عێراق لە کۆتایی ساڵی 2011دا، هەزاران سەربازی ئەمریکی لە ساڵی 2014  لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش گەڕانەوە عێراق بۆ یارمەتیدانی وڵاتەکە لە شەڕی دژی داعش و بەرەوپێشبردنی توانای هێزە ئەمنییەکان.
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە 86 ئەندامی هەیە، لە ساڵی 2021ـەوە ئەرکی شەڕکردنی نەماوە و گۆڕاوە بۆ راهێنان و راوێژدان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییە عێراقییەکان.
 
لەو چوارچێوەیەدا دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکا و 500ـی 20 وڵاتی دیکەی نێو هاوپەیمانییەکە، لە چوار شوێن جێگیرکراون کە ئەوانیش دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنباری رۆژئاوای عێراق، بنکەی یونیەن سێ لە ناوچەی سەوزی بەغدا و ناوەندی پشتیوانیی دیپلۆماسیی لە فڕۆکەخانەی بەغدا.
 
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق
 
دوای گرژییەکانی پاش 7ـی ئۆکتۆبەر، بەرپرسانی عێراق لە نێویاندا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند جارێک کۆبوونەوەیان کرد بۆ ئەوەی بە هێزەکانی ئەمریکا بڵێن ئیدی عێراق جێبهێڵن یانیش راوێژکارە سەربازییەکانیان کەمبکەنەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 17ی کانوونی دووەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی رایگەیاند، "ئێمە لەو بڕوایەداین پاساوەکان بۆ مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆتاییان هاتووە."
 
سوودانی هەروەها رایگەیاند، ئەو چیدیکە خەمی کاریگەریی رۆیشتنی هێزەکانی هاوپەیمانی لەسەر توانا سەربازییەکانی سوپای عێراقی نییە و گوتی، "هیچ هۆکارێک نییە بۆ نیگەرانی، لەبەرئەوەی هێزێکی ئەمنیی بەتوانامان هەیە کە توانای کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچەکانی عێراقی هەیە. ناوچە سنوورییەکان نێوان عێراق و سووریا لەژێر کۆنترۆڵی تەواودایە."
 
رۆژی 25ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە دوو راگەیێندراوی جیاوازدا باسیان لە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ "هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵی" کرد، دوای ئەوەی رۆژی پێشووتر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق نامەیەکی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق وەرگرت کە بە"گرنگ" ناوی هێنا. 
 
هێزەکانی ئەمریکا لە 2003ـەوە لە عێراقن، بەڵام ناوە ناوە گۆڕانکاری بەسەر ئەرک و کارەکانیاندا هاتووە، لە 2018 بە فەرمی ئەرکی سەربازیی هێزەکانیان لە عێراق گۆڕا بۆ راوێژکاری.
 
ئێستا ئەمریکا 2500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازیشی لەسووریا هەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە